ئێران ئاماده‌ نه‌بوو پێشوازی له‌ عه‌بادی بكات و سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌

وابریار بوو ئه‌مرۆ 15ی 8ی 2018 سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق  حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی ئێران بكات، به‌ڵام نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی عه‌بادی سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، پێشتریش ئێران رایگه‌یاندبوو كه‌ پێشوازی له‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ناكه‌ن”.

هه‌ر به‌گوێره‌ی لێدوانی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌ به‌ ئاژانسی فرانس پێرێسی راگه‌یاندووه‌”وەک پلانی بۆ دانراوە عەبادی رۆژی سێشەممە سەردانی تورکیا دەکات بەڵام “بەهۆی نەبوونی کات” ناتوانێ سەردانی تاران بکات، هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، ئێران سەرەتا بە سەردانەکە رازیبووە بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانی لە لێدوانەکانی عەبادی، بۆچوونی گۆڕاوە”.

رۆژی پێشوو تر به‌هرام قاسمی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بێ ئاگایی خۆی له‌ سه‌ردانی عه‌بادی بۆ تارانی پێشاندا و رۆژنامه‌كانی ئێرانیش ده‌لێن”  سەردانەکە لە بەرنامەدا نییە. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەوەی ناچارە پابەندبێت بە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کاردانەوەی تووندی لەئێران لێکەوتووەتەوە.

لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە سێشەممەی رابردوو، لەبارەی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی بەغدا، عەبادی گوتی “لەگەڵ ئەو سزایانەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نین، بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ناچارین پابەندبین بە سزاکانەوە، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی بۆ تاران، بڕیارە رۆژی سێشەممە 14-8-2018 حەیدەر عەبادی سەردانی ئەنقەرە بکات.

Back to top button