سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوو:داوای یه‌كڕیزی له‌ كورد ده‌كات

 

دوای ئه‌وه‌ی شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕه‌ازیه‌كه‌ به‌ هۆی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی دوانزه‌ی ئایاری رابردوو, په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ سستكرد, سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كگرتوی ئیسلامی ده‌ڵێت، “ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌كده‌نگی نه‌چێته‌ به‌غدا هه‌موان زینانیان پێده‌گات”، له‌هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كه‌ به‌ هۆی بێ متمانه‌یی كه‌ له‌ نێوان هێزه‌ كوردستانیه‌كاندا دروست بووه‌، ئه‌سته‌مه‌ خواستی یه‌كڕیزی بێته‌دی.

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتو، سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی به‌شداری كورد له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق وتی: “من یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی سه‌رسه‌ختانه‌ داكۆكیم له‌وه‌كرده‌ووه‌ كه‌ پێویسته‌ كورد له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا به‌یه‌ك ده‌نگی، به‌یه‌ك به‌رنامه‌یی و به‌ یه‌ك ستراتیژی له‌ به‌غدا كاربكات”.
گوتیشی: “به‌داخه‌وه‌ بێ متمانه‌ییه‌ك دروست بووه‌، كه‌ له‌ ئێستادا هێنانه‌ دی ئه‌و خواسته‌ بووه‌ته‌ ئه‌سته‌م و له‌ ئێستاشدا ئه‌گه‌ر كورد به‌ یه‌كگرتویی نه‌چێته‌ به‌غدا هه‌مو لایه‌نه‌كان زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، مه‌گه‌ر تاكه‌كان قازانج بكه‌ن، واته‌ ئه‌وانه‌ی به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیه‌وه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و حزبیه‌كان له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سیه‌كانیان به‌كارده‌هێنن”.
به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ناڕه‌زایه‌تی گۆڕان، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌یمانی و یه‌كگرتو به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌نجامی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ده‌نگه‌كان و ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ باره‌ی چۆنێتی به‌شداری له‌ پرسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌ڵبژاردنی داهاتوی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و چوار لایه‌نه‌ چ هه‌ڵوێستێك وه‌رده‌گرن، سه‌ركرده‌كه‌ی یه‌كگرتوی ئیسلامی گوتی: “هه‌ر بڕیارێك له‌سه‌ر ئه‌و دوو بابه‌ته‌ به‌ هاوبه‌شی وه‌رده‌گرن”.

Back to top button