یه‌كێتی گۆڕان نه‌وه‌ی نوێ هێرشی میدیای ده‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتر

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی و نەوەی نوێ، هێرشی راگەیاندنیان بۆ سەر یەكتری چڕ كردووەتەوە و مەلەفەکانی یەکتریش هەڵدەدەنەوە.

شاسوارعەبدولواحید، لەمیانی سیمینارێكدا لە سلێمانی، هێرشی توند ده‌كاته‌ سەر بزووتنەوەی گۆڕان و چەندین تۆمەتی خستووەتە پاڵ وجگه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی میدیاكانیه‌وه‌ هێرش و تۆمەتی گەندەڵیی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هه‌ڵسوڕاوانی تری گۆران .

له‌به‌رامبه‌ردا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە ڕێگەی كەناڵی كه‌ی ئێن ئێن ه‌وه‌ لە ڕاپۆرتێکیدا بەناوی (نهێنیی دروستكردنی حزبەكەی شاسوار) هێرشی توندترده‌كاته‌ سەر ئەونه‌وه‌ی نوێی و شاسوار عەبدولواحید و بە دروستکراوی باڵێکی یەکێتیی بۆ دژایەتیی گۆڕان تۆمەتباری کردووە.

له‌نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌وه‌ی نوێی شاسوار عه‌بدولواحید كه‌ یه‌كتری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن ،یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش بێده‌نگ نه‌بووه‌ له‌ ڕێگه‌ی میدیاكانیه‌وه‌ له‌ژێر ناوی ( چاودێری سیاسی !) هێرش و تۆمه‌ت ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نەوەی نوێ و هەردوو لایانی بە نوێنەرایەتیکردنی بزووتنەوەی پۆپۆلیستی وێنا کرد.

له‌ ماڵپەڕی (چاودێر)ی یه‌كێتی بە ناوی جەمال ئیبراهیم، شرۆڤەكارێکی سیاسییەوە نووسراوە: “ئەوەی کە گۆڕان و نەوەی نوێ كۆ دەكاتەوە، ئەوەیە كە هەردووكیان پۆپۆلیستن”. ده‌شڵێت :” “پێشتر گۆڕان، خۆی تاق لە ساحەكەدا بوو، كە خاوەندارێتیی لە گوتاری پۆپۆلیستی دەكرد، بەڵام ئێستا (نەوەی نوێ) گۆڕان تێ دەپەڕێنێت و خۆی دەبێتە خاوەنی ئەم گوتارە، بەمەش خاوەنە دێرینەكەی ئەم گوتارە قەڵس و بێزار دەكات”.

لای خۆیه‌وه‌ کەناڵی كه‌ی ئێن ئێن زمانحاڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە راپۆرتێکی دا هێرشی توند دەکاته‌ سەر یەکێتی و نەوەی نوێ و بە داگیرکردنی گردەکانی سلێمانی تۆمەتباریان دەکات، ئەوەش لەبەرامبەر بەو قسانەی میدیاکانی ئەو هێزانە لەسەر گردی زەرگەتە کردوویانە، کە ۱۲۲ دۆنم زەوییە و لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە، بەر لە کۆچکردنی بەناوی کوڕەکانییەوە کراوە، لە کاتێکدا ئەو گردە موڵکی گشتی بووە.

ڕاپۆرته‌كه‌ی كه‌ی ئێن ئێن ده‌ڵێت :” سلێمانی پڕە لە گرد و بەرزایی، هەر گردێكیش بۆ خەڵكی شار بیرەوەرییەكە، بەڵام ئێستا هەموو ئەو گرد و بەرزاییانە لەلایەن حزب و بەرپرسانەوە داگیر كراون و پشكی خەڵكی شارەكەش گردی سەیوان و مامەیارەیە، گردی عەلی ناجی، لەلایەن بەرپرسێكی یەكێتییەوە داگیر كراوە، گردەکەی دراوسێشی لەلایەن بەرپرسێكی تری یەكێتییەوە داگیر كراوە، دەباشانیش تا چاو بڕ دەكات داگیر كراوە، لە بەرزایی گۆیژەوە سەیری ناو شار بكەن، زۆربەی ئەو بینا بەرز و شوێنە نیشتەجێبوونانەی دەیبنرێن، لەسەر موڵكی گشتی دروست كراون”.

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت :” كۆمپانیای نۆكانی سەر بە ئیدارەی گشتیی یەكێتی لە سنووری سلێمانی، پشكی شێری لە داگیركردنی موڵكی گشتی بەركەوتووە، کە (۱۲%)ی رووبەری شارەكە و هەموویشی موڵكی گشتی بوون و لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە داگیر کراون، لەدەرەوەی شاریش شوێنە گەشتیارییەكانی دوكان، دەربەندیخان، قەڵاچوالان، هەمووی لەلایەن بەرپرسانی حزبەوە داگیر كراون”.

Back to top button