كه‌ركوك به سه‌رپه‌رشتیی شورته‌ی ئیتیحادی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی كردووه به ناونوسینی خه‌ڵك بۆ ڕیزه‌كانیان
به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی له‌یلانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌ركووك حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی كردووه به فراوانكردنی هێزه‌كه‌ی و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی نووسیووه بۆ ناو ڕیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی .
برووسك ته‌حسین شاوێس، به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی له‌یلانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: “ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی له‌یلان و خوارووی كه‌ركووك ده‌ستیان كردووه به ناونووسینی خه‌ڵكی عه‌ره‌ب و توركمان بۆ ناو ڕیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش به سه‌رپه‌رشتیی شورته‌ی ئیتیحادی ده‌كرێت و دوای مه‌شق و ڕاهێنان له سنووری ئه‌و ناوچانه به‌رپرسیاریه‌تییان پێ ده‌درێت”.
به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی له‌یلانی پارتی ڕاشیگه‌یاند: “جگه له‌وه‌ی ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی مه‌ترسیداره، مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی ناوچه‌كەش دروست ده‌كات، چونكه حه‌شد كۆنترۆڵی له سه‌رچاوه‌یه‌كی دیار و باڵاوه نییه، زۆر گرووپ و فرهمهرجهعن، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه ئارامی له ناوچه‌كه نه‌هێڵێت.”
برووسك ته‌حسین شاوێس ده‌شڵێت: “ناكرێت به هه‌ر بیانوویەك بێت ئارامیی ئه‌و ناوچانه بخرێته مه‌ترسییه‌وه، چونكه دواجار دۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌س نابێت، ئه‌مه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه بێكارییه‌كی زۆر و نه‌بوونی هه‌لی كار له‌و ناوچانه پاڵی به گه‌نجانه‌وه ناوه تا په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی حه‌شده‌وه بكه‌ن.”
دوای ئه‌و بارودۆخه نه‌خوازراوه‌ی گروپی خیانه‌تكاری ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر له كه‌ركووك درووستیان كردوسنوری ناوچه‌كانی ماده‌ی ١٤٠ یان راده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه عێراق و ئێرانییه‌كان كردوو و سه‌ره‌نجام بووه هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم.