نازم ده‌باغ : پێویسته‌ دۆستایه‌تیمان له‌گه‌ل ئێران بپارێزین نه‌چینه‌ به‌ره‌ی ئه‌مریكاییه‌وه‌

ده‌ستوه‌ردانی ئێران له‌ كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نوێ نییه‌ و له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی نێوان سه‌ركرده‌ی باڵه‌كانی یه‌كێتی به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ر هێڵ بوون، له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش هه‌وڵه‌كانی بۆ دۆستایه‌تی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران خستووه‌ته‌ گه‌ڕ.

نازم دەباغ، پێشتر نوێنەری یەکێتی بوو لە تاران و دواتر لەسەر پشکی حزبەکەی بووە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی (ئانا)ی ئێرانی، رایگەیاند:” سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران مەحکوم دەکەین”.

نازم ده‌باغ له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌ ئاژانسی ئانای ئێرانی ده‌ڵێت :” پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌چێته‌ به‌ره‌ی ئه‌مریكا دژ به‌ ئێران و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا پیاوێكی شێته‌ ،پێویستە دۆستایەتی و هاوپەیمانییەتیمان لەگەڵ ئێران بپارێزین”.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی نازم ده‌باغ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان دژی هه‌لویست و سیاسه‌تی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حكومه‌تی عێراقیشه‌ ، لە بارەی سزا ئەمریکییەکان بەسەر ئێران.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

Back to top button