كۆمپانیای دیلۆیت جیهانی, سێیه‌م راپۆرتی له‌ باره‌ی داهاتی نه‌وتی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستێكی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای دیلۆيت جیهانی بۆ وردبینی كرد له‌ داهاتی نه‌وت و سه‌رچاوه‌ كانزاییه‌كانی دیكه‌ واژۆكرد, ئه‌م كۆمپانیایه‌ ژماریه‌ك راپۆرتی له‌ باره‌ی نه‌وتی هه‌نارده‌كراوه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كردۆته‌وه‌ كه‌ دواهه‌مینیان ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. ڕاپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)ی جیهانی لەبارەی وردبینی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا بڵاو كردەوە، تیایدا ئامارەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ خراوەتەڕوو.

 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی لە چوارچێوەی پڕۆژەی وردبینی سەربەخۆی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی سێیەمی وردبینی و پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكان لەلایەن (كۆمپانیای جیهانی دیلۆیت بۆ وردبینی و ڕاوێژكاری) تایبەت بەداتا و زانیاریی نوێ لەسەر هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت بۆ سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2018 (1ی كانونی دووەم تا 31ی ئاداری 2018) دەخاتەڕوو.

 

ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میانی راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە وەك لە ڕاگەیاندراوی پێشووی ئەنجومەنی هەرێمی لە ڕێكەوتی 1/8/2018 تایبەت بەبڵاوكردنەوەی ڕاپۆرتی دووەمی (دیلۆیت) هاتبوو، بەڵێن درابوو بە برەودان بە ڕاپۆرتەكان لەڕووی زانیارییەوە، هەر بۆیە لەم ڕاپۆرتە نوێیەدا سەرەڕای زانیاری پشتڕاستكردنەوەی داهاتەكان و خستنەڕووی تێكڕای مانگانەی نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بەشێكی نوێ بۆ ڕاپۆرتی سێیەم زیاد كراوە بەناوی (شیكاری فرۆشتنەكان بۆ پاڵاوگەكانی نەوت و فرۆشتنەكانی ناوخۆ) و تێكڕای نرخی فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوتی خاو لە بازاڕی ناوخۆیی خراوەتەڕوو دوای پشتڕاستكردنەوە.

 

هەروەها تیایدا هاتووە كە ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەردەوام دەبێت لەسەر كاركردن بۆ برەودان و دەوڵەمەندكردنی ڕاپۆرتەكانی وردبینی و پێداچوونەوە بەپشتبەستن بەسەرنج و فیدباكی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەناویشیاندا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی پابەندبوونی خۆی دەكاتەوە لە بەرامبەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كە هەردوو گەورە كۆمپانیای جیهانی (Deloitte) و (Ernst & Young) بەردەوام دەبن لەسەر وردبینی و پێداچوونەوەی سەربەخۆ بۆ سێكتەری نەوت و گاز بە هەموو پرۆسە و بەشەكانییەوە.

 

ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز پێشبینی دەكات كە ڕاپۆرتی چوارەمی كۆمپانیای (دیلۆیت) سەبارەت بە ئەنجامی وردبینی و پێداچوونەوە بۆ هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت بۆ سێ مانگی دووەمی ساڵی 2018 (1ی نیسان تا 30ی حوزەیرانی 2018) لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا بڵاو بكرێتەوە.

 

دەتوانن لەم لینكەدا دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی و بەفۆرمی PDF سەبارەت بە وردبینیی هەناردەكردن، بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ سێ مانگی یەكەمی ساڵی 2018 بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.

دەتوانن لەم لینكەدا بە فۆرمی PDF نامیلكەیەكی هاوپێچ بەهەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن بۆ ڕوونكردنەوەی پێویست و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە بڕگەكانی ڕاپۆرتی دیلۆیت.

Back to top button