ئازاده‌ ڕه‌ش :به‌درێژایی مێژوو یه‌كێتی هێنده‌ی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر توشی شكست نه‌بووه‌

بزوتنه‌وه‌ی گۆران ترسیان له‌ ساخته‌كارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانه‌ كه‌ جارێكی تر بۆ داپۆشینی شكست و داڕمانی خۆی په‌نای بۆ به‌رێته‌وه‌،ساخته‌كارییه‌كانی یه‌كێتی له‌ ١٢ی ئایار بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌جۆریكه‌ ته‌نانه‌ت كاندیده‌كانی خۆیشی داوای ده‌نگه‌كانیان ده‌كرده‌وه‌ .

ئازادە ڕەش، ھەڵسووڕاوی دیاری گۆڕان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند:” ئەگەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، ”یەکێتی ئەو ساختەکارییەی ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراقی پێ ناکرێتەوە“، بەڵام ”ڕەنگە یەکێتی ھێزە ئەمنییەکانی خۆی بەکار بھێنێت، تاوەکوو پەلاماری خەڵکی بدەن و ناوەندەکانی دەنگدان تێک بدەن“.

هه‌ڵسوراوه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆران ده‌ڵێت:” ئەگەر پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێت، یان ”بوار بەیەکێتی نەدرێ چیتر پەنا بۆ ساختەکاری ببات“، بۆ ھەموو لایەک دەردەکەوێت کە یەکێتی ”بای چەندە و تاچەند وەزن و قورسایی ماوە؟“.

ئازاده‌ ڕه‌ش باس له‌ شكستی مێژووی یه‌كێتی ده‌كات و ده‌ڵێت:” بەقەد ١٦ی ئۆکتۆبەر و جیابوونەوەی باڵەکەی بەرھەم ساڵح، ”تووشی شکست نەبووە“. ده‌شڵێت: ”ئەگەر ئەو تەزویرە نەبووایە، خۆری یەکێتی ئاوا دەبوو، بۆیە یەکێتی بە ھاوکاریی ھەندێک حزبی عێراقی، پەنای بۆ ئەو ساختەکارییە بردووە“.

سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێتی و كه‌ركوك هه‌ڵسوڕاوه‌كه‌ی گۆران گووتی :” یەکێتی لە ڕابردوودا ”حوکمێکی خراپی“ شاری کەرکوکی کردووە، دواتر شوێنەواری ئەو دەسەڵاتە خراپەی یەکێتی لە کەرکوک دەرکەوت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئازادە ڕەش هەڕەشەی لە یەکێتی کرد و ده‌ڵێت: ”ئەمجارە قەبووڵی ناکەین یەکێتی ھاوشێوەی ھەڵبژاردنەکەی پێشوو، پەلامارمان بدات، چونکە گۆڕان خەڵکێک زۆری ھەیە کە بەشێکی چەکی ھەیە“.

ئازاده‌ ڕه‌ش نایشارێته‌وه‌و ده‌شڵێت: ”شەوی هێرشەکە دۆخەکەمان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام ئەگەر ھەمان ھەڵوێستی یەکێتیمان ھەبووایە، ئەو شەوە دەمانتوانی ١٠ ماڵە بەرپرسی یەکێتی بدەینە بەر ئاربیجی، بەڵام ئەگەر یەکێتی ئەمجارە شتی وا بکات، گۆڕان لایەنگەرەکانی خۆی دەستکراوە دەکات، کێ لەشوێنێکەوە شتێکی پێ دەکرێت، با بیکات، ڕەنگە ئەوکاتە ڕێگری لەکەس نەکەین“.

Back to top button