پێش جەژنی قوربان هەموو وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن

 

دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت مووچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی دابه‌شكرد, له‌گه‌ڵ دواكه‌وتنی بڕی پاره‌ی مووچه‌ كه‌ بڕیاره‌ حكومه‌ت بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت مووچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێك دواكه‌وت, به‌ڵام له‌ ئێستادا 317 ملیار دینارەکەی حکومەتی عێراق بۆ مووچە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و پێش جەژن هەموو وەزارەتەکان مووچە وەردەگرن.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی (خواكوڕك) ، بڕی 317 ملیار دینارەکەی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و پێش جەژن هەموو وەزارەت و دەستەکان مووچەکانیان وەردەگرن.

هه‌روه‌ها پێشوتر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندبوو، بەغدا پابەندە بەوەی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ ئەوەی هەموو وەزارەتەکان مووچەکانیان وەربگرن.

لە رۆژی یەکشەممە 5-8-2018ـەوە وەزارەتی دارایی دەستیکردووە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و بەشێکی زۆری وەزارەت و دەستەکان مووچەیان وەرگرتووە لەو بڕە پارەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی دابیندەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە لە رۆژی 5ی سەرەتای هەموو مانگێکەوە دابەشکردنی مووچە دەستپێبکات، ئەوەش دوای ئەوەی رێژەیەکی زۆر لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران لابرا.

Back to top button