له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بوه‌ شه‌ڕی نێوان ناتانیاهۆ و جێرمی

 

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا له‌ باره‌ی ره‌وشی مرۆی فه‌له‌ستین تویتێكی كرد, سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ له‌ رێی هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر به‌ گژ سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا جێریمی كوربیندا چووه‌ته‌وه‌ و ئه‌ویش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌.

جێریمی كوربین، له‌ دایكبووی 1949یه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی به‌ریتانیایه‌ و سه‌رۆكی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیایه‌ كه‌ له‌ 2015ه‌وه‌ پارتێكی به‌رهه‌ڵستكاره‌ و له‌ 1983ه‌وه‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی به‌ریتانیایه‌.

ناوبراو له‌و سیاسه‌تمه‌داره‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌ له‌ رۆژئاوا و ئه‌وروپا كه‌ نه‌یاری سیاسه‌تی ئیسرائیل و رۆژئاوایه‌ له‌ دژی فه‌له‌ستینییه‌كان.

كوربین له‌ 2015ه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی پارته‌كه‌ی گرتووه‌ته‌ ده‌ست دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر دوو ركابه‌ریدا سه‌ركه‌وت و رێژه‌ی 59 له‌ سه‌دی ده‌نگی حزبه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، ناتانیاهۆ ره‌خنه‌ی له‌ كوربین گرتووه‌ و دژی ئه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، كه‌ كوربین له‌ 2014دا له‌ مه‌راسیمێكی رێزلێنان له‌ ژماره‌یه‌ك فه‌له‌ستینی به‌شداری كردووه‌.

ناتانیاهۆ ده‌ڵێت: ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ ئه‌وانه‌ بوونه‌ كه‌ له‌ رووداوه‌كانی میونخ له‌ 1972 تێوه‌گلاوون.

ناتانیاهۆ نووسیویه‌تی: جێریمی چه‌پكه‌ گوڵی له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و تیرۆریستانه‌ داناوه‌ كه‌ قه‌سابخانه‌ی میونخیان ئه‌نجامداوه‌ و ئه‌وه‌ش پێویسته‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ ئیدانه‌ بكرێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێریمی وه‌ڵامی ناتانیاهۆی داوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل كه‌سێكی چه‌واشه‌كاره‌.

جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ ئیدانه‌ی ئه‌و ئیسرائیلیانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا ده‌ستیان به‌ خوێنی ئه‌و فه‌له‌ستینیانه‌ سووركرد كه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجام ده‌دا.

كوربین ئه‌وه‌شی نووسیوه‌: یاسای نه‌ته‌وه‌یی بوون، كه‌ حكومه‌تی ناتانیاهۆ هێنایه‌ ئاراوه‌، ره‌گه‌زپه‌رستی تێدایه‌ دژ به‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی ئیسرائیل.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: من له‌گه‌ڵ ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی عه‌ره‌ب و یه‌هودی له‌ ئیسرائیل ده‌وه‌ستمه‌وه‌ له‌ پێناو یه‌كسانی له‌ مافدا.

كوربین به‌ هۆی تۆمه‌تباركردنی به‌وه‌ی دژایه‌تی ئیسرائیل ده‌كات، له‌ ناوخۆی حزبه‌كه‌ی رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ بووه‌ته‌وه‌ و به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌تی دژه‌ سامی بوون بكات.

كوربین له‌ 2014دا چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌ لوبنانییه‌كان ئه‌نجامدابوو و تێیدا وتبووی: ئه‌فسانه‌ی دژایه‌تی سامی و پرسی ئه‌وه‌ی جووله‌كه‌ خوێنی مه‌سیحییه‌كانیان خواردووه‌ته‌وه‌، شتێكی درووستكراوی خه‌یاڵ نییه‌، یاخود له‌ فیلمه‌وه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ راستییه‌.

كوربین له‌ كۆنگره‌كه‌ی تونسدا رایگه‌یاندبوو، ته‌نیا رێگه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و قسه‌كردنه‌ بۆیان.

ئه‌و كۆنگره‌یه‌ له‌ 30ی ئه‌یلوولی 2014 له‌ ژێر ناونیشانی (كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاودێریكردنی ره‌وشی سیاسی و یاسایی فه‌له‌ستین دژی دوژمنكاری ئیسرائیل) به به‌شداری به‌رپرسانی باڵای حه‌ماس به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، ساجد جاوید، وه‌زیری ناوخۆی به‌ریتانیا له‌ تویته‌ر، داوایكردووه‌، كوربین ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ی كوربین ئه‌نجامیداوه‌، ته‌نیا رێزگرتن بووه‌ له‌ قوربانیانی بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر نووسینگه‌ی رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستینی له‌ 1985 و كوژرانی 68 كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌ سه‌د هاووڵاتی دیكه‌ی فه‌له‌ستینی و تونسی.

سه‌رچاوه‌: تویته‌ر، رووسیالیه‌وم، العربی الجدید، ویكپیدیا

Back to top button