ئیران گه‌شتیاران مه‌ترسی نه‌خۆشی ئایدزو توشبوون به‌ ماده‌ی هۆشبه‌ریان له‌سه‌ره‌

لە دوای دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە هەرێمی کوردستانەوە گەشت بۆ ئێران دەکەن، بەڵام بەپێی زانیارییە ته‌ندروستییه‌كان، گەشتیاران لە ئێران لەژێر مەترسیی (نەخۆشی ئایدز، ماددەی هۆشبەر، دزی، لەخشتەبردنی ئابڕووبەرانە و مەترسیی دیکەش)دان .

لای خۆیه‌وه‌ دکتۆر ھێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری تەندرووستی سلێمانی ڕایگەیاند: “ڕۆژانە هاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی گەشت و بازرگانی و نەخۆشی سەردانی ئێران و وڵاتانی دیکەش دەکەن، بەڵام ئێمە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لە حاڵەتی تووشبون بە نەخۆشیی ئایدز“.

جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی ڕاشیگه‌یاند:” وەزارەتی تەندرووستی لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی کوردستانەوە، ڕێنمایی تایبەت بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشیی کوشندەی ئایدز بڵاو دەکاتەوە”.

دکتۆر ھێرش سەلیم گوتیشی : “بەھۆی پرەنسیپە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئێمە ناتوانین ھەر ھاوڵاتییەکی هەرێمی کوردستان کاتێک گەشتێک بۆ وڵاتانی دەرەوە دەکات، لەکاتی گەڕانەوەیدا پشکنینی ئایدزی بۆ بکەین، بەڵام ئەگەر گومانی نەخۆشیی ئایدز لەھەر کەسێکی بیانی یاخود ھەر هاووڵاتییەکی ھەرێمی کوردستان بکەین، ڕێگەی پێویست دەگرینە بەر، ئەگەر بیانی بوو، ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکەینەوە، ئەگەریش خەڵکی کوردستان بوو، ئەوا ڕێگەی دیکە دەگرینە بەر“.

ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی ئایدز لە ئێران بەپێی ئەو ئامارەی کە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی تەندرووستیی کۆماری ئیسلامی بڵاویکردووەتەوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧، زیاتر لە ٣٧ هەزار و ٦٥٠ کەس بووە کە زۆرینەی تووشبووانیش پیاو بوون و بەشی زۆریان تەمەنیان لە نێوان ٢١ تا ٣٥ ساڵ بووە.

لەبارەی ماددە هۆشبەرەکانیشەوە، پێشتر پەروێز ئەفشار، گوتەبێژی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران ڕای گەیاندبوو کە بەپێی ئامارەکانیان، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، زیاتر لە ٢ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار کەس لە ئێران ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن کە ٣٣٪یان ئافرەتانن.

Back to top button