د. بێوار خنسی :توركیا و عێراق به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانن نه‌وتی كه‌ركووك ڕه‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهان بكه‌ن

دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی:”له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری توركیا گفتوگۆیان كردووه‌ كه‌ به‌زوویی نه‌وتی كه‌ركووك له‌ ڕێگه‌ی بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانەوە هه‌نارده‌ی توركیا بكه‌ن، له ‌كاتێكدا له‌ دوای خیانه‌تی ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌رەوە ناردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ توركیا ڕاگیراوه‌ و تا ئێستاش به‌و شێوەیە ماوه.

د.بێوار خنسی، ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ ڕایگه‌یاند: “دوای توندبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران و فشاری ئابووری بۆ سه‌ر ئێران، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وت و گازدا بووەته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو جیهان هەیە، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات نه‌وتی ئێران ڕابگرێت كه‌ ڕۆژانه‌ ۳ ملیۆن به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات و ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌ بكرێت نرخی نه‌وت زۆر به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و هه‌موو وڵاتان له‌وه‌ ده‌ترسن، چونكه‌ ئیران باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنرێت، ڕێگه‌ ناده‌ن گەرووی هۆرمز بۆ هیچ كه‌سێك بێت و عێراق و كوێت نه‌وتیان له‌و ڕیگه‌یەوە‌ ده‌رباز ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌مه ‌كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌ دروست ده‌كات و عێراقیش سه‌رچاوه‌ی داهاتی نه‌وته‌، بۆیه‌ ده‌ترسن ئه‌گه‌ر ڕێگری بكرێت هیچ ڕێگه‌ی دیكه‌یان نییه‌، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن جارێكی دیكه‌ نه‌وتی كه‌ركووك له ڕێگه‌ی بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمەوە هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكه‌ن و بیكه‌نه‌ به‌دیل بۆ خۆیان، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌مڕۆ ئه‌و گفتوگۆیه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا كردووه‌ و ئه‌و داواكاریه‌ییان له‌ هه‌رێمیش كردووه‌.”

ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری وزه‌ ڕاشیگه‌یاند: “توركیا و عێراق به‌بێ هه‌رێمی كوردستان ناتوانن هیچ هه‌نگاوێك بنێن بۆ ڕه‌وانه‌كردنی نه‌وتی كه‌ركووك بۆ توركیا، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌ره‌تا ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، چونكه‌ بۆڕیی نه‌وت و ده‌رهێنان و پاراستنی بۆڕییەکە هه‌مووی له‌ده‌ست هه‌رێمی كوردستاندایه‌.”

د. بێوار خنسی باسی گووتی : “بۆ دووباره‌ ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركووك له‌ ڕێگه‌ی بۆڕیی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانەوە پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كی هه‌رێمی كوردستان بكات و حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه‌ نه‌مینن و دۆخه‌كه‌ ئارام بێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش ئاسایی بكرێته‌وه‌، وه‌ك پێش ۱۶ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌ك به‌و شێوه‌یەی كه‌ ئێستا هه‌یه‌، چونكه‌ به‌و شێوەیە ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێت نه‌وتی كه‌ركووك بۆ ده‌ره‌وه‌ ڕه‌وانه‌ بكرێت.”

هه‌روه‌ها گوتیشی: “ئه‌گه‌ر نه‌وتی كه‌ركووك جارێكی دیكه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت له ‌به‌رژوه‌ندیی هه‌رێم و عێراقیشه‌، چونكه‌ داهاتی دیكه‌ بۆ هه‌رێم و عێراق زیاد ده‌بن و دۆخی ئابووریش باشتر ده‌بێ.”

Back to top button