هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌رده‌وامن له‌ ده‌ستگیركردنی خۆپیشانده‌ران ئه‌مڕۆ 18 كه‌سییان ده‌ستگیركرد

 

دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 14ی ئاب له‌به‌رده‌م كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت له‌ پارێزگای به‌سڕه‌ باشوری عێراق خرپیشاندانێكی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوو, ئه‌مڕۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ، 18 كه‌سیان ده‌ستگیركرد كه‌ به‌شدارییان له‌و خۆپیشاندانه‌ كردبوو.

ملازم محه‌مه‌د خه‌ڵه‌ف ئه‌فسه‌ر له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌سڕه‌، رایگه‌یاندووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌ڵمه‌تێكی ده‌ستگیركردنیان له‌ ناحیه‌ی عیزه‌دین سه‌لیم باكوری پارێزگای به‌سڕه‌ ئه‌نجامداوه‌ به‌ ئامانجی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌شدارییان له‌و گردبونه‌وه‌یه‌دا كردبو كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ له‌به‌رده‌م كێڵگه‌ی “خۆرئاوای قوڕنه‌ 2” به‌ڕێوه‌چوو.

محه‌مه‌د خه‌ڵه‌ف گوتیشی: “یه‌كێك له‌ به‌شداربووانی گردبونه‌وه‌كه‌ی كه‌ له‌میانی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران بریندارببو، رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا”.

به‌پێی هه‌مان سه‌رچاوه‌، رۆژی چوارشه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ ده‌یان كه‌س له‌ دانیشتوانی ناحیه‌ی عیزه‌دین سه‌لیم له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی ناحییه‌كه‌ دژ به‌ هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شدارییان له‌ گردبونه‌وه‌كاندا كردووه‌ خۆپیشاندانیان سازكرد، له‌ به‌رامبه‌ردا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ بڵاوه‌پێكردنیان گازی فرمێسكڕێژیان به‌كارهێنا.

Back to top button