مایك پێنس: باشتره‌ توركیا ئارامی تره‌مپ تاقینه‌كاته‌وه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی به‌ هۆی ده‌ستگیركردنی قه‌شه‌یه‌كی به‌ ره‌گه‌ز ئه‌مریكی له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ گرژی تێكه‌وت, ئه‌مڕۆ جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، كارده‌كات بۆ ئازادكردن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ بۆ ئه‌مریكا، ده‌شڵێت:”باشتره‌ توركیا ئارامی‌و به‌رگه‌گرتنی تره‌مپ تاقینه‌كاته‌وه‌”.

مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌زنجیره‌یه‌ك تویتدا له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ڕایگه‌یاند، “له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكادا به‌رده‌وامین له‌هه‌وڵدان بۆ ئازادكردنی قه‌شه‌ برۆنسۆن، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌شه‌یه‌ بۆ لای خێزان‌و هاوڕێكانی‌و كلێسای ئه‌مریكا، پێویسته‌ هه‌موو ئه‌مریكییه‌كیش به‌رده‌وامبێت له‌نزاخوێندن له‌پێناو قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ”.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداریشیدایه‌ توركیا كه‌ “قه‌شه‌ ئه‌ندرۆ كه‌سێكی بێتاوانه‌ كه‌ له‌توركیا زیندانییه‌، پێویسته‌ توركیا دانبه‌خۆداگرتنی سه‌رۆك تره‌مپ تاقینه‌كاته‌وه‌”.

قه‌شه‌ برۆنسۆن كه‌ ئێستا له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ شاری ئیزمیری توركیا ده‌ستبه‌سه‌ره‌، له‌لایه‌ن دادگای توركیاوه‌ تۆمه‌تی هاوكاریكردنی بزاوتی خزمه‌ت‌و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی دراوه‌ته‌ پاڵ، به‌هۆی ئازادنه‌كردنی ئه‌و قه‌شه‌یه‌شه‌وه‌، ئه‌مریكا زنجیره‌یه‌ك سزای به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاندووه‌، كه‌ به‌هۆی سزاكانه‌وه‌ لیره‌ی توركی نیوه‌ی به‌هاكه‌ی به‌رامبه‌ر دۆلاری ئه‌مریكی له‌ده‌ستداوه‌.

Back to top button