په‌یامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە بۆنەی ۷۳ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دەكات .

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامیكیدا ڕایگگه‌یاند:” ۷۲ ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسیەكانی كوردایەتی، لەسایەی كۆمارە بەكۆرپەیی روخێندراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دامەزراو لەو قۆناغەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكەو دۆخەكە، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو”.

له‌به‌شێكی تری په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی دا هاتووه‌ ” لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانییەوە، پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، هەروەها لایەنەكانی تری كوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی رزگاری‌و دیموكراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەكەی راپەڕین‌و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی روخاندنی سەدام‌و دەستكەوتە مێژووییەكان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەركردنی فیدراڵ لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا”.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ ده‌شڵێت:” هێشتا رێی خەباتمان دورودرێژە. هێشتا رێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە كەندو كۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینەوەو حكومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوەو تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەكڕیزییەو بەحكومەتێكی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسیەوە، بەشداری كاریگەر لەپێكەوەنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بكەین‌و ئەمجارە، بەكردەوە، حكومەتی عێراق، پابەندی دەستورو پشكی راستەقینەی كورد بێ‌، لەپێشەوەدا، مافی ئابوری‌و مافەكانی پێشمەرگەو رێسای نوێی نەوت‌و گاز‌و جێبەجێكردنی مادەی (۱٤۰)”.

 

دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەرزاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

جەنابی مەسعود بارزانی – سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەرێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی پارتی

سڵاوی هاوخەباتی گەرم..

خۆشحاڵین، بەناوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەبۆنەی (۷۲) ساڵەی دامەزراندنی پارتە تێكۆشەرەكەتان، پیرۆزبایی گەرمتان لێبكەین.

(۷۲) ساڵ لەمەوبەر، لەهەلومەرجی دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ باشتر رێكخستن‌و رابەرایەتیكردنی لایەنە سیاسیەكانی كوردایەتی، لەسایەی كۆمارە بەكۆرپەیی روخێندراوەكەی رۆژهەڵاتی كوردستاندا، دامەزراو لەو قۆناغەداو، لەمێژووی نوێی سیاسی ئەو سەردەمەدا، هەتا شۆڕشی ئەیلول، پارتی رۆڵێكی مێژوویی گێڕا. لەدوای خیانەتنامەی جەزائیرو بەرپابونەوەی شۆڕشی نوێشدا، سەرەڕای دۆخی دژواری شۆڕشەكەو دۆخەكە، دیسان، پارتی رۆڵێكی گرنگی هەبوو.

لەدوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانییەوە، پەیوەندی یەكێتی‌و پارتی، هەروەها لایەنەكانی تری كوردستانی، گوێزرایەوە بۆ قۆناغی بەرپرسیارێتی رزگاری‌و دیموكراسی نەتەوەیی هاوبەش. سەرەنجامەكەی راپەڕین‌و دەستكەوتەكانی هەڵبژاردن‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم بوو. پاشان، گەوهەری ئەم پەیوەندییە، گەیەندرایە ستراتیژی روخاندنی سەدام‌و دەستكەوتە مێژووییەكان دوای ئەوە، لەپێشەوەدا، دەستەبەركردنی فیدراڵ لەدەستوری هەمیشەیی عێراقدا.

كۆی دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان، هەتا هەنوكەش، بەری خەباتی هاوبەشمانن. دیارە هێشتا مێژوو ئەركی گەورەی خستۆتە ئەستۆمان..

یەكێتی، ئەم بۆنە پیرۆزەتان بە هەل دەزانێ‌. جەخت بكاتەوە كەوا:

بە ئەزمون وەرگرتن، لەتەواوی ئەزمونەكانمان، ئامادەی درێژەپێدانی خەباتی هاوبەشین لەعێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەشدا. بەئومێدی ئەوەی، هەردوولامان، ماف‌و ئەركەكانمان بزانین‌و هاوسەنگی دابینكردنی مافەكان‌و راپەڕاندنی ئەركەكان، لەسەرجەم بوارەكاندا، بهێنینەدی.

بەرێزینە!

هێشتا رێی خەباتمان دورودرێژە. هێشتا رێڕەوی هاوبەشمان پڕ لە كەندو كۆسپە. بۆیە ئەركمانە، یەكڕیزیی ماڵی كوردستان ببوژێنینەوەو حكومەتی كوردستان كاراتر بكەینەوەو تەنگوچەڵەمەكان چارەسەر بكەین، لەپێشەوەدا، گۆڕانكاری لەسیستەمی حوكمڕانی‌و سەروەری یاساو ریشەكێشكردنی گەندەڵی. بۆئەوەی، بەم یەكڕیزییەو بەحكومەتێكی بەهێزو بەدڵنیایی سیاسیەوە، بەشداری كاریگەر لەپێكەوەنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنی عێراق بكەین‌و ئەمجارە، بەكردەوە، حكومەتی عێراق، پابەندی دەستورو پشكی راستەقینەی كورد بێ‌، لەپێشەوەدا، مافی ئابوری‌و مافەكانی پێشمەرگەو رێسای نوێی نەوت‌و گاز‌و جێبەجێكردنی مادەی (۱٤۰).

خوشك‌و برایان!

یادی پارتیتان پیرۆز بێ‌. گیانی پاكی شەهیدانتان لەگەڵ تێكڕای شەهیدانی كوردستان، ئاسودە بن. ئاڵای چارەی خۆنوسینمان هەر شەكاوە بێ‌.

لەگەڵ رێزی

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

۱٦ی ئابی ۲۰۱۸

Back to top button