نەریفڕاندۆم ناشەرعیە و نەداعشیش کۆتایی ھاتووە.

نیاز حاجی

لەکۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەی دوو رۆژی رابردووی سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوە راگەیەنرا کە عەبادی لەماوەی رابردودا توانیویەتی سەرکەوێ بەسەر داعش و ریفڕاندۆمی ناشەرعی کوردستان !
ھەروەھا ئەوەش راگەیەنرا کە عێراق و تورکیا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە دەروازەیەکی نوێ لەسنووری نێوانیاندا بکرێتەوە .

ئەوەی گرنگە و پێویستە لەوەڵامی ئەو کۆنگرەرۆژنامەنوسەیەی ئەوان ، ھەموو لافەک بیزانن ، ئەوەیە کە جگەلەوەی ریفڕاندۆمی کوردستان پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بووە و خەڵکی کوردستان مافێکی سروشتی و دەستوری خۆی مومارەسەکردووە ، دژی ھیچ بەندێکی جاڕنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەبووە ، مومارەسەکردنی ئەو مافە سەرەرای ئەوەی کە سروشتیە ، ئەوە خەڵکی کوردستانە شەرعیەتی پێ دا نەک خەڵکی تر ، جگە لەخەڵکی کوردستانیش ھیچ کەس و لایەن و وڵاتێکیش ئەو مافەیان نیە ھەڵیبوەشێننەوە .
پێدەچی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی ئازارێکی قوڵی لەدڵدا دروستکردبن ، بۆیە بەبۆنە و بێ بۆنە ئەوەندە باسی لێوەدەکەنەوە و وەک مۆتەکە بەدوایانەوەیە.
حیقد و بێرەوشتی لەوەدایە کە بابەتی ریفڕاندۆم بە بابەتی داعش بەیەکەوە ناویان بھێنرێ ، چونکە ئەگەر راستبێ ئەوان سەرکەوتنیان بەسەرداعشدا تۆمارکردووە ، ئەوا سەرەتاکانی شکاندنی ئەفسانەی داعش لەژێرفەرماندەیی سەرۆک بارزانی لەسەر دەستی ریفڕاندۆمخوازان و سەربەخۆخوازانەوە بووە .

سەبارەت بەوەش کە دەگوترێ عەبادی بەسەر داعشدا سەرکەوتووە ، ئەوەشیان بابەتێکی راست نیە ، رۆژانە دەبینین چەندین کاری تیرۆریستی لێرەولەوێ لەلایەن داعشەوە ئەنجام دەدرێ ،
ئەو دۆخەی پێشتر کە داعشی تێدا دروست بوو ئێستاش بەزیادەوە ئەو دۆخە بەردەوامی ھەیە بۆیە ئاساییە ئەگەر داعش و رێکخراوی تری ھاوشێوەی داعشی لەئایندەدا چەندبارە ببنەوە .

بۆکردنەوەی دەروازەی نوێش لەنێوان تورکیا و عێراق ، پێشتر ئەو ھەوڵە دراو شکستی ھێنا ، نازانین چۆن چۆنی ئەوان رێککەوتوون کە ئەو دەروازەیە بکەنەوە ، ئەگەریش بەردەوامن لەوھەوڵەیان ، ئەو پێشمەرگانەی جاری پێشوو شکستیان بەو ھەوڵە ھێنا ئێستاش ھەر لەوێن ، دیارە ھیچ وانەیەک لە رابردوو وەرنەگیراوە .
پێمان بڵێن ئەو دەروازەیە بە دروستکردنی تۆنێڵ دەکەنەوە یان بە وایفای و بلوتوس .

Back to top button