سه‌ركرده‌یه‌كی حزبی ده‌عوه‌ : هێزه‌ سیاسییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادییان به‌ ته‌نها جێهێشتووه‌

ئه‌مریكا به‌نیازه‌ ڕووداوی پێشوه‌خت بخوڵقێنێت و په‌یامی هۆشداریی بدا‌ته‌ سه‌ركرده‌كانی عێراق تا پابه‌ندی سزاكانی سه‌ر ئێران بن.

جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر، په‌رله‌مانتارى خولى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق و سه‌ركرده‌ی حزبی ده‌عوه‌ كه‌ نووری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌ چاوپێكه‌تنێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ڕایگه‌یاند:” زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ‌ئه‌مه‌ریكا بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه‌ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رووبه‌ڕووی گوشارێكی زۆری ئه‌مه‌ریكا و ئێران بووه‌ته‌وه‌و ئێستا له‌ بارودۆخێكدایه‌ كه‌س خۆزگه‌ به‌ حاڵی ناخوازێ، چونكه‌ هه‌ر دوو لایان ده‌یانه‌وێت داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت و هه‌ر دوو وڵاته‌كه‌یش له‌ جه‌نگی دژی داعشدا هاوكاری زۆری عێراق و حه‌یده‌ر عه‌بادییان كردووه‌”.

سه‌باره‌ت سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران و تاكڕه‌وی عه‌بادی ،‌ جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر په‌رله‌مانتارى خولى پێشوى په‌رله‌مانى عێراق بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت: “هێزه‌ سیاسییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادییان به‌ ته‌نها جێهێشتووه‌ له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌دا، پێده‌چێت هه‌مووان بیانه‌وێت بیخه‌نه‌ دۆخێكه‌وه‌ تا جێگره‌وه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ پۆسته‌كه‌ی بخه‌نه‌ڕوو، ئێستا ئه‌و هێزانه‌ ته‌نانه‌ت ئینتیمایان بۆ ئه‌و وڵاته‌ نییه‌ كه‌ ناوی عێراقه‌ و به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بچووكه‌كانی خۆیانه‌وه‌ن”.

سه‌ركرده‌كه‌ی حزبی ده‌عوه‌ ده‌شلێت :” عه‌بادی به‌شداریی له‌ هیچ سته‌مێك ناكات رووبه‌ڕووی گه‌لانی ئێران ببێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌یه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق بپارێزێ، پێموایه‌ ده‌توانێت ئه‌و قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕێنێ و رۆڵێكی گه‌وره‌ی له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكانی سه‌ر ئێرانیش هه‌بێت، چونكه‌ گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراقدا نییه‌”.

Back to top button