به‌رهه‌م ساڵح په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی پارتی كرد

بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئومێد دەخوازێت یادەکە ببێتە مایەی ئەوەی ھەموو لایەک لە سۆنگەی بەرپرسیاری و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بەرنامەی تۆکمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشھاتەکان گەڵاڵە بکەین و یەکڕیزی بە ئاراستەی خێری وڵاتەکەمان و چاکەی ھاوڵاتیان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەستەبەر بکەین.

سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لە کۆتایی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە، بەپێویستی دەزانێت، گفتوگۆیەکی نیشتمانی فراوان دەستپێبکات بە مەبەستی دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی، چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشەکان، ئامادەکاریی بۆ قۆناخی داھاتوو و بەدورگرتنی کوردستان لەو مەترسیانەی بەڕێوەن.

دەقی پەیامەکەی د.بەرهەم ساڵح

جەنابی کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
‏بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
‏ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان

‏ لە یادی 72 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پیرۆزبايی گەرم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەین، لەرێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە ئەندام و ھەوادارانی پارتی دەکەین بەو ئومێدەی ئەم یادە ببێتە مایەی ئەوەی لەم ھەلومەرجە ھەستیارەی عیراق و ھەرێمی کوردستاندا ھەموو لایەک لە سۆنگەی بەرپرسیاری و رەچاوکردنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان، بپرژێینە سەر ئەوەی بەرنامەی تۆکمە بۆ روبەڕوبونەوەی ئەگەر و پێشھاتەکان گەڵاڵە بکەین و یەکڕیزی بە ئاراستەی خێری وڵاتەکەمان و چاکەی ھاوڵاتیان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەستەبەر بکەین.

‏لەم یادەدا وێرای پیرۆزبایی، دەمانەوێ دووپاتی بکەینەوە کە سەرەڕای ناکۆکی و جیاوازی و رەخنەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەلومەرجی سیاسی عیراق و ناوچەکە و ئاراستەی گۆڕانکاریەکان ئەرکی ئەوە دەخاتە سەر ھەموو لایەکمان کە گفتوگۆیەکی نیشتمانی فراوان دەست پێبکات بە مەبەستی دەربازبوون لە  دۆخی چەقبەستووی سیاسی و چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کێشەکان و ئامادەکاری بۆ قۆناغی داھاتوو و بەدورگرتنی کوردستان لەو مەترسیانەی بەڕێوەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە ئەو دۆخە چاوەڕوانکراوە بە قازانجی گەلەکەمان و ئارامی و خۆشگوزەرانی خەڵک و پێگەیەکی بەھێزتر لە ناو ھاوکێشەی سیاسی ناوچەکەدا دەستەبەربکەین.

‏د.بەرھەم ساڵح
‏سەرۆكی هاوپه‌یمانی دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری
١٦/٨/٢٠١٨

Back to top button