هەرگیز نەمدی کۆسرەت رەسوڵ بە دڵی خۆی فرمێسك بڕێژێ
فەرەیدون عەبدولقادر
نیازم نەبوو لەم كاتەدا، هیچ بڵێم و بنووسم كە خراپكار و دڵڕەشەكان بتوانن بەكاری بهێنن بۆ خۆشكردنی ئاگرەكەی ناو یەكێتی، بەڵام دیمەنەكانی ئەمڕۆ، برینداربوونی شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵ و شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك لە هێزەكەی، و دیمەنی سەلیمی بێ هۆشی سەر تەختی نەخۆشخانەو یەكێك لە شەهیدەكان برای هاشمی جیهاز، كە ئەوە چوارهەمین برابوو كە هەموویان یەك لەدوای یەك گیانیان بەخشی بە پاراستنی كورد و كوردستان.
ئەو دیمەنانە و ورەی بەرزی شاڵاو و مرواری، فرمێسكی ئەو ژنانەی بەبێ دەنگی بۆ عەزیزەكانیان بە كوڵ ئەگریان… پەتی ئۆقرەیان پساندم و هانیان دام بكەومە ئاخاوتن.
شاڵاو كوڕی كۆسرەت برای سێ جوانخاسی ترە، كە هەموویان لە ژیانی پێشمەرگایەتی ئەمیرەو كۆسرەت دا، ژانیان بە دڵی كۆسرەتی هاوڕێم دا كرد، و كۆستی یەك لەدووی یەكی ئەمیرەی پێشمەرگەو هاوسەری كۆسرەتیان گەورەتر ئەكرد.
زۆرجار فرمێسكەكانی ئەمیرەم ئەدی، ئەمزانی كە زادەی بوركانی جگەرسووتانن، بەڵام هەرگیز وەك ئەمڕۆ نەمتوانی ملوانكەی وشە بەو فرمێسكانە بهۆنمەوە كە هەنسك و جۆگەی فرمێسكەكانی ئەو ژنانەم دی بۆ چوار برای شەهیدیان چاوەكانیان بوو بوو بە گۆمی خوێن.
هەر ئەمڕۆ لەگەڵ كاك مەلا بەختیار و باڤلی كوڕی مام جەلال لەسەر ئاگری ناو یەكێتی قسەم ئەكرد، كە لە ناكاو هاوڕێكەم بە پەشۆكاوی هاتە ژوورەوەو پێی وتم: شاڵاو بریندارە و لە زمان كەوتووە. منیش بەو برایانەم وت ببوورن ئەبێت بڕۆم.
بە سواری ئۆتۆمبێل لەگەڵ هاوڕێكانمدا ئەچووین بۆ هەولێر بیرم ئەكردەوە كە ئێستا ئەمیرەی سەرتەختی نەخۆشخانەو بیماری. ئەگەر كەسێك لەناكاو ئەم هەواڵەی بداتێ چی بەسەردێ.
رۆژێك ئەمیرەم لەگەڵ بوو بۆ براكەی ئەگریا كە لەسێدارە درا، رۆژێكی تر بۆ پێشڕەو و ئاراس جگەری هەڵئەقرچا و كۆسرەتیش لە سەنگەری شەڕدا بوو. رۆژێكی تریش فرمێسكەكانیم دی بۆ رێباز دڵۆپ دڵۆپ خوێنی دڵی بۆ ئەتكا.
برایان تەمەنێكی درێژ كۆسرەت لە هەموو هەوراز و نشێوەكانی خەباتدا هاوڕێم بووە… هەرگیز نەمدی بە دڵی خۆی فرمێسك بڕێژێ، بەڵام بە باشی زات و پیاوەتیم ئەدی، لە گرتنی شارۆچكەی دێگەڵەو شارۆچكەی هیران و ئازادكردنی سەری رەش لە چەمكی سەدام… ئەمزانی كە ئەیەوێ بە چاكی تۆڵەی سەیدكەریم و مامەریشەو سەلاحی موهەندیس بكاتەوەو جگەرگۆشەكان بكاتەوە.
ئەم دیمەنانە هانی دام نامەیەك بۆ هەندێ بنووسم بەوانە بڵێم ئەمە كۆسرەت و شاڵاوەكان كەمێ لەولاتریش بەورێكی قۆپی قەرەداغ، شێخ جەعفەری گەرمیان و بەنەباوێ و هەورێ و بالیسن، ئەمڕۆش هەر پێشمەرگەیەو لە دەشتی نەینەوا لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە گوندەكانی كوردی شەبەك و كاكەیی پاك ئەكەنەوەو تۆڵەی پرچی دەسكەنەكراو و چاوی كەژاڵی كچە جوانەكانی شەنگار ئەكەنەوە. كەچی هەندێكیش لە دیوەخانەكاندا نێرگەلە ئەكێشن و پلار ئەگرنە ئەو گیانبازیەو ئەڵێم: (ئێمە هەقی ئەو شارەمان چییە؟ ئەو پیاوە سەركەشانە!! بۆ كوڕی خەڵك بە كوشت ئەدەن!!).
بەبیرم دێ مام جەلال لە شەڕەكانی (داستانی رزگاری)دا، زۆر ستایشی كۆسرەتی ئەكرد كە شێرەكەی یەكێتی و هەولێرە، و جەبار فەرمانیش فیلەكەی یەكێتییە… ئەوكاتە ئیرەییم پێ ئەبردن، بەڵام پاش ساڵەها لە گیانبازی و ئەزموون تێگەیشتم مام جەلال لەخۆڕا بەو جۆرە ستایشی نەئەكردن هەر ئەو جۆرە تێكۆشەرانە، توانیان باڵای یەكێتی لە قەندیل بەرزتر رابگرن، ئەوانەی ئەیانەوێ كۆسرەتەكان و جەبار و عەلی عەسكەری و مامەڕیشە لە یەكێتی دەرپەڕێنن ئەوانەن كە قەندیل ئەكەنە گردۆڵكە.