ته‌عریب هه‌ڕه‌شه له خانه‌قین ده‌كات
له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ۱٦ ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، خانه‌قین كه‌وته ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی و له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه له زیادبووندایه.
سۆران عه‌لی حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ سایتی “به‌غداد ئه‌لیه‌وم” رایگه‌یاند: “كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له خانه‌قین دوای رووداوه‌كانی ۱٦ی ئوكتۆبه‌ر بۆشاییه‌كی ئه‌منی گه‌وره‌ی درووست كردووه، چه‌كدارانی رێكخراوی داعش‌یش ئه‌و بۆشاییه‌یان به‌ده‌رفه‌ت وه‌رگرتووه و ده‌ستیان به چالاكییه‌كانیان كردۆته‌وه ،به‌ر له‌وه‌ی كار له‌كار بترازێت پێویسته ئاوڕێك له مه‌ترسییه‌كانی دۆخی ئه‌منی خانه‌قین بدرێته‌وه، له‌كاتێكدا هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌منی كاره‌ساتی گه‌وره له‌و شاره فره پێكهاته‌یه به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت”.
ئه‌ندامه‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ سایتی “به‌غداد ئه‌لیه‌وم” ڕاشیگه‌یاند:” سه‌یره، چۆن هێزه عێراقییه‌كان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ناكه‌ن، له‌كاتێكدا له ساڵی ۲۰۱4 كاتێك داعش له‌وپه‌ڕی هێز و توانایدا بوو، پێشمه‌رگه توانی رێگری له چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه بكات و رێگه نه‌دات نزیكی خانه‌قین ببنه‌وه”، گوتیشی: “شه‌پۆلێكی ئاواره‌بوون له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری جه‌له‌ولا به‌ره‌و سه‌نته‌ری شاری خانه‌قین ده‌ستی پێكردووه”.
له دواى روداوه‌كانى خیانه‌تی ۱٦ى ئۆكتۆبه‌ر، دۆخى خانه‌قین تێكچووه‌و له ئێستاشدا مه‌ترسیه‌كانى تیرۆر‌و رفاندن و ته‌عریب، له‌سه‌ر گوندنشینانى سنورى خانه‌قین زیادیكردوه‌و هه‌ر شه‌وێك په‌لامارى گوندێك ده‌درێت ، به‌ر له ماوه‌یه‌ك خه‌ڵكی خانه‌قین ده‌ستیان به خۆپیشاندان و مانگرتن بایكۆتی كار‌و دوكان و بازاره‌كانیان داخست بوو، داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه‌كانیان ده‌كرد.
شارى خانه‌قین /۱۵۵ كیلۆمه‌تر باكورى خۆرهه‌ڵاتى به‌عقوبه/ یه‌كێكه له‌ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، له‌پاش پرۆسه‌ى ناسراو به “ئازادى عێراق” زۆرینه‌ى داموده‌زگاكانى له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، له‌پاش ڕووداوه‌كانى ۱٦ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷، دۆسیه‌ى ئه‌منى شاره‌كه كه‌وته ده‌ست هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدى شه‌عبی.