ترەمپ: کێشەیی تورکیا تەنها بابەتی دەستگیرکردنی قەشە ئەمریکیەنیە، کە بەسەریەوە ناچێت، بەلکو دەمێکە بووەتە کێشە
لەگەڵ ئاڵۆز بوونی کێشەکانی نێوان ئەمریکاو تورکیا، کە بەهۆی دەستگیرکردنی قەشەیەکی ئەمریکیەوەیە، لێدوانە ئاگرینەکانی سەرکردایەتی ئەم دوو وڵاتە بەردەوامن، بەجۆرێک ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەتوندی رەخنەی لە توركیا گرت و گوتی دەمێكە ئەم وڵاتە بووە بەكێشە و وەكو هاوپەیمانی ئەمریكا هەڵسوكەوت ناكات. بابەتی زیندانیكردنی قەشە ئەمریكیەكەش وا بەئاسانی بەسەر توركیادا تێناپەڕێت.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە هات كە ئەمڕۆ دادگای توركیا رەتی كردەوە ئەندرۆ برۆنسۆن قەشە ئەمریكیەكە ئازاد بكرێ.
دوای بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای توركیا، چاوەڕوان دەكرێ ئەنقەرە رووبەرووی سزای ئابووریی قورستر ببێتەوە لەلایەن ئەمریكاوە، بەتایبەتیش كە ئەمڕۆ ترەمپ دووبارە هەڕەشەی توندی لە توركیا كردەوە و لە ئێستەوە چاوەڕوانی نزمبوونەوەی زیاتر بەهای لیرەی توركی دەكرێت.
برۆنسۆن ئێستە دانیشتووی كەناراوەكانی شاری ئیزمیرە و تۆمەتی تیرۆریستی دراوەتە پاڵ، كەیسی ئەو قەشەیە بیانووەكی سەرەكی ئەمریكایە بۆ گوشارەكانی ئەم دواییەی بۆ سەر توركیا و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە.
هەر بەهۆی قەشە برۆنسۆنەوە، ئەمریكا سزای بەسەر دوو وەزیری توركیادا سەپاند، دواتریش باجەكانی سەر ئەلەمنیۆم و ئاسنی توركیای چەند هێندە زیاد كرد و ترەمپ بەتویتێك وای كرد بەهای لیرەی توركی بەشێوەیەكی چاوەڕوانەكراو بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی بشكێت.