راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لهگهڵ جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی كۆبویهوه
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جۆن روود جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی لە واشنتن کۆبووەوە دوایین پێشهاتهكانیان تاوتوێ كرد وباسیان لە بەردەوامی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و پێشمەرگە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد.
له کۆبوونەوەکەیدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سوپاسی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد بۆ پشتگیریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش.
مەسرور بارزانی بە وردی باسی لە رێکارەکانی بەهێزکردن و رێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکهیدا مەسروور بارزانی و جێگری وەزیری بەرگری ئەمریکا بۆ کاروباری سیاسی گفتوگۆیان لە سەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق کرد.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق روونیکردەوە، سەرکردایەتی کوردستان نە پشتگیریی هیچ لیست و کەسایەتییەک بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات و نە هیچ لایەکیش رەتدەکاتەوە، بەڵکو سەرکردایەتی کوردستان ئامانجی هاوپەیمانێتییەکە کە دەستوور جێبەجێ بکات و حکومەتێک پێکبهێنرێت لەسەر بنەماکانی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی. حکومەتێک کە وەڵامی ویست و داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەی چەند پرسێکی تایبەت بە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کرد.