به‌ نهێنی كار بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕك ” چه‌ند فراكسیۆنێكی ناو په‌رله‌مانی كوردستان به‌ نهێنی سه‌رقاڵی كارنامه‌یه‌ك و هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ۳۰ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ ، ئه‌و فراكسیۆنانه‌ هۆكاری دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ شكستی هه‌لبژاردن و ترسییان له‌ ده‌ستدانی ده‌نگه‌كانیان هه‌یه‌ .

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی لەم چەشنە پشت ڕاستكرده‌وه‌و ڕایگەیاند: ”ھەوڵێکی لەم چەشنە ھەیە، ناشتوانم بە دیاری کراوی بڵێم چ لایەنێک، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ھەوڵە سەرکەوتوو نابێت وتا ئێستا ھیچ لایەنێک لەسەر ئەو بابەتە بە فەرمی و نافەرمی قسەی لەگەڵ ئێمە نەکردووە“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ڕاشیگه‌یاند:” لە ڕابردوودا شێوازی حوکمڕانی و کێشە و گرفتەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ئەو دۆخەی کە پەرلەمان ھەیبوو، ھەروەھا ”حکوومەتێکی بێ پشتیوانی سیاسی کە ھەمانبوو“، ئەوەی دەخواست کە ھەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام بدرێت، نەک ھەڵبژاردن دوابخرێت.

ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گووتی :” ھەر ھەوڵێک و داواکارییەک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، ترسی لایەنەکانە لە جەماوەر و دەرکەوتنی ڕاستیی پێگە جەماوەرییەکەیان ”چونکە دەزانن متمانەی جەماوەریان لەدەست داوە، بۆیە داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، دواکاییەکەش جگە لە ترسان لە دیموکراسییەت و دەنگی جەماوەر و بڕیاری جەماوەر ھیچی دیکە نییە“.

سه‌باره‌ت به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌لێت :” کاری پەرلەمان نییە داوای دواخستنی هەڵبژاردن بکات، بەڵکوو ”پەرلەمان تەنیا دەتوانێت تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەپێی یاسای دابەشکاریی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، ئەوە دەسەڵاتی سەرۆکی حکوومەتە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارکان کە پەرلەمان و کۆمیسیۆنە، ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاری بکەن، سەرۆکی حکوومەتیش کارە یاساییەکانی خۆی ئەنجام داوە، بۆیە پەرلەمان ناتوانێت گۆڕانکاری لە وادەی هەڵبژاردندا بکات“.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و حیزبانه‌ی كه‌ ترسی له‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ و هه‌رچه‌نده‌ به‌ فه‌رمی داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی نه‌كردووه‌ به‌ڵام له‌گه‌ل لایه‌نه‌كان به‌ نهێنی كۆبووه‌ته‌وه‌و چه‌ند جارێكیش به‌رپرسه‌ بالاكانی یه‌كێتی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كاندا گوتویانه‌ ” لاریمان نییه‌ له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ” .

لای خۆشیه‌وه‌ بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی بەهار مەحموودی پەرلەمانتاری باسی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە. به‌ڵام پارتی دیموکراتی کوردستان تائێستا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە لە وادەی خۆیدا دەبێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

Back to top button