نادر ڕۆستی :پێشبینی دەكەین ئەمساڵ ۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن

كوردستان جگه‌له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون به‌ ده‌یان كانزای سرووشتی، له‌ رووی گه‌شتیارییه‌وه‌ش بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و سه‌دان ناوچه‌ی گه‌شتیاری له‌ شاره‌كاندا هه‌ن، له‌ ۲۰۱۳ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیاران بۆ كوردستان نزیكبووه‌وه‌ له‌ ۳ ملیۆن گه‌شتیار، به‌ڵام دوای تووشبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌ قه‌یرانی دارایی و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی تیرۆریستان له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، گه‌شتیاران له‌ هاتن بۆ كوردستان پاشه‌كشه‌یان كرد و ئێستا جارێكی تر رێژه‌ی گه‌شتیاران ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كات .

نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان ڕایگەیاند: “كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەراییەتییە گشتییەكاندا كراوە، ئامادەكاریی تەواویشمان كردوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران، هەروەها لە ناوچە ‌گەشتوگوزارییەكان تیمی تایبەت بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و لە بازگەكان و چاودێریكردنی ناوچە گەشتوگوزارییەكان پێك هێندراوە”.

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان ڕاشیگه‌یاند: “لەگەڵ خاوەن و سەرپەرشتیارانی میوانخانە و چێشتخانەكاندا كۆ بووینەتەوە كە دەبێت لە ڕۆژانی جەژندا كراوە بن بە ڕووی گەشتیاراندا، هەماهەنگییشمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كردووە تاوەكو بتوانین زۆرترین ناوچەی گەشتوگوزاری كوردستان بە گەشتیاران ئاشنا بكەین، لە ماوەكانی ڕابردوویشدا گەشتێكمان بۆ كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی كەناڵە عێراقییەكان ڕێك خست، تا لە زوومی كامێرەكانیانەوە ناوچە گەشتیارییەكان بۆ تەواوی عێراق بگوازنەوە”.

نادر ڕۆستی ڕوونیشی كردەوە: “لە جەژنی ڕەمەزاندا ۲۱۳ هەزار گەشتیار هاتبوونە كوردستان، بەڵام پێشبینی دەكەین لە جەژنی قورباندا ڕێژەی گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە زۆر زیاد بكات، بە تایبەت كە ڕێگای هەولێر – كەركووك دەكرێتەوە و گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەولێر ڕێگەیان بۆ ئاسانتر دەبێت، بێگومان ئەمەش كاریگەریی لەسەر زیادبوونی گەشتیاران هەیە، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵ ۲ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار گەشتیار سەردانی كوردستان بكەن، بەردەوامیش دەبین لە گرینگیدان بە ناوچە گەشتیارییەكانمان، تاوەكو بتوانین گەشتیاری زیاتر بۆ كوردستان ڕابكێشین”.

هه‌وره‌ها گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری كوردستان گوتیشی : “لە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانیشەوە گەشتیاران دێنە كوردستان، بەڵام بە هۆی ئەو قەیرانەی هەردوو وڵاتی گرتووەتەوە، پێشبینی دەكەین ئەمساڵ لە هەردوو وڵاتەوە گەشتیاری كەمتر لە چاو ساڵانی ڕابردوو سەردانی كوردستان بكەن”.

Back to top button