خێزانێكی ئێزیدی دوای هه‌ڵهاتنیان له‌ ترسی داعش به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كوردستان

ئەو كاتەی داعش پەلاماری ناوچەكەیانیدا لە ۲۰۱٤دا، ئەشواق تەمەنی ۱٤ ساڵ بووەو یەكێك بوە لەو هەزاران ژن‌و كچە ئێزدییەی داعش ڕفاندنی‌و بازرگانیی پێوەكردن‌و وەك كۆیلەی سێكسی بەكاریهێنان، ئەشواق فرۆشرا بە پیاوێك بەناوی ئەبو هومام بە ۱۰۰ دۆلار.

دوای سێ مانگ ئه‌شواق هه‌ڵدێت و دوای خۆ ڕزگاركردنی لە داعش‌و گەیشتنی بە ئەڵمانیا، تووشی شۆك بوو كاتێك لەسەر شەقامێكی ئەو وڵاتە ئەو پیاوەی ناسییه‌وه‌ كه‌ وه‌كو كۆیله‌یه‌ك كڕیبووی و خۆی كردبوو به‌ خاوه‌نی .

ئەشواق دەڵێت”لە ڕێگای گەڕانەوەم لە قوتابخانە ئۆتۆمبێلێك لە تەنیشتمەوە ڕاوەستا. پیاوێك لە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە دانیشتبوو. بە ئەڵمانی قسەی لەگەڵ كردم‌و پرسیاری كرد: تۆ ئەشواقی؟ من زۆر ترسام‌و لەرزم لێهات. وتم: نەخێر. تۆكێیت؟.”

پیاوەكە وەڵامی داوەتەوەو وتویەتی”من دەزانم تۆ ئەشواقی، من ئەبو هومامم” پیاوەكە دواتر بە عەرەبی دەستدەكات بە قسەكردن لەگەڵیداو پێی دەڵێت، درۆی لەگەڵ نەكات.

ئەشواق دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە ڕووداوەكە ئاگادار دەكاتەوە، ئەوان پێی دەڵێن هەركات ئەبو هومامی بینییەوە دەستبەجێ پەیوەندی بە پۆلیسەوە بكات، به‌ڵام ئەشواق به‌ پۆلیسی ئه‌ڵمانیا دەڵێت:” ئه‌توانن لە ڕێی كامێرای چاودێری سۆپەرماركێتەكانه‌وه‌ بەدواداچوون بكەن، بەڵام ئەوە نەكراوە، “چەند مانگێك چاوەڕێم كرد، بەڵام هیچ هەواڵێكم بەدەست نەگەیشت.”

ئەشواق‌و خێزانەكەی ترسی داعش لە ئەڵمانیاش ژیانیان لێ تاڵ دەكات، هەربۆیە بڕیاری گەڕانەوە دەدەن بۆ كوردستان.

ئەشواق ئێستا لە كوردستانەو لە كەمپێكی ئێزدییەكان دەژی، ئەو دەیەوێت خوێندنەكەی تەواو بكات، خۆی‌و خێزانەكەی خوازیارن جارێكی دیكە بچنە دەرەوەی وڵات، بەڵام بۆ ئەڵمانیا نا.

Back to top button