دواین زانیاری له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ شاندی باڵای هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی عێراق

ئەمڕۆ یەكشەممە 19\8\2018 لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی، لەگەڵ باڵای هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی عێراق بە سەرۆكایەتیی شێخ خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی میحوەری وەتەنی کۆبوویەوە و لە دیدارێكدا بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و هەڵەكانی ڕابردوو ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو كۆبوونەوە هەردوولا هاوڕا بوون كە پێویستە گەرەنتی و میكانیزمی ڕوون بۆ پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان دابنرێت بە جۆرێك كە ڕێگە لە تاكڕۆیی لە بەڕێوەبردنی وڵات و پەراوێزخستنی پێكهاتەكان بگیرێت.

كۆبوونەوەكە جەختیشی لە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوامی هەردوولا كردەوە بۆ بەشداریی كارا لە پڕۆسەی سیاسی و جێبەجێكردن و ڕەچاوكردنی ئەو بنەمایانەی كە لە خزمەت شەراكەتی هەموو پێكهاتەكان بێت لە حكوومەتی داهاتووی عێراقدا.

لەو كۆبوونەوەیەدا هەر یەک لە د. ڕۆژ نووری شاوێس، هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادە بوون.

Back to top button