د.مه‌حمود عوسمان : ئه‌وانه‌ی به‌رزترین كوتله‌ پێكده‌هێنن پێویستیان به‌ كۆمه‌كی كورد هه‌یه‌

دوای ئه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد ، لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەوتوونەتە خۆئامادەکردن بۆ ڕێککەوتن و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.

به‌پێی زانیارییه‌كان چەندین کۆبوونەوە لە نێوان کوتلە براوەکاندا بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە بەغدا بەڕێوە دەچن و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، ھیچ کوتلەیەکی گەورەی پەرلەمانی بەبێ بەشداریی کورد و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو نابێت.

دکتۆر مەحموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری كورد ڕایگەیاند: “ھێشتا زووە بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و تازە ئەمڕۆ دادگا ئەنجامەکانی پەسەند کردووە، چونکە ئەوانەی گەورەترین کوتلە پێک دێنن لە بەغدا پێویستیان بە کۆمەکی کورد ھەیە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی مەرجن بۆ بەغدا تا کورد بەشداری بکات لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیدا.”

لەبارەی ده‌نگۆی ڕێککەوتنی ھەندێ لایەنی کورد و عێراقی بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ودكتۆر مه‌حمود عوسمان گووتی: “ھیچ لایەنێک ناتوانێ پارتی و یەکێتی پەراوێز بخات و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەراورد ناکرێن، بۆیە هیچ لایەنێکی کوردی بریتی پارتی و یەکێتیی نین لە بەغدا، لەبەر ئەوەش ھەر لایەنێکی بییەوێ کورد بەشدار بێت و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکات، سەرەتا پێویستی بەوە ھەیە پارتی و یەکێتی ڕازی بن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی کۆرسییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بردووە و سەرکەتووی ھەڵبژاردنن.”

چاودێران پێیان وایه‌ به‌ هۆی لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانەوە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دوا دەکەوێت و چەند مانگێکی پێویستە ، لای خۆیه‌وه‌ دکتۆر مەحموود عوسمان ده‌ڵێت: “پێم وایە بە ھۆی ساختەکاری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دوا دەکەوێت، باوەڕ ناکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ماوەیەکی دیکەی پێویستە.”

Back to top button