رۆژنامەنوسێكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە لێدانی ۷٤ قامچی سزا درا
دەزگای دادوەریی ئێران لە شاری بانە، حوكمی لێدانی قامچی بەسەر رۆژنامەنوسێكی ئەو شارەدا سەپاند بەبیانوی بێ رێزی كردن بە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەڕێگەی هەواڵێكەوە لەبارەی سزادانی ئەو رۆژنامەنوسە ئەوەی بڵاو كردۆتەوە، لە مانگی پووشپەڕی ئەم ساڵ، لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەكانی شاری بانە، (شوجاع حوسێن زادە) میدیاكار و بەڕێوەبەری كەناڵی (تێلگرامی بانە نیوز)ی بە لێدانی ۷٤ زەڕبە قامچی تۆمەتبار كردووە.
ئەو رێكخراوە ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو سزایە بە تۆمەتی بێ ڕێزی بە (حەسەن رووحانی) سەرۆك كۆماری ئێران لە كەناڵی بانە نیوز و بە بێ بەشداری شوجاع لە دانیشتنەكەدا بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.
دەشلێت”شوجاع حوسێن زادە، خەرمانانی ساڵی ڕابردووش لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كرابوو”.