مه‌حما خه‌لیل :نامانەوێت پەکەکە و تورکیا “تەسفیەی حساب” لەسەر خاکی شەنگال بکەن

مه‌حما خه‌لیل قایمقامی شه‌نگال له‌ میانی چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا له‌باره‌ی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال ڕایگه‌یاند:” نامانەوێت پەکەکە و تورکیا “تەسفیەی حساب” لەسەر خاکی شەنگال بکەن،كشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال له‌ قازانجی شه‌نگال و پاراستنی خه‌ڵك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك، هه‌روه‌ها قازانجی عیراق و هه‌تا په‌كه‌كه‌ خۆیه‌تی .”

قایمقامی شه‌نگال له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا گوتی” به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و بۆردومانه‌ و” شه‌هیدكردنی” (زه‌كی شه‌نگالی)یان ، ئیدانه‌كرد، باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن پارتی له‌پشته‌وه‌یه‌، شه‌هیدكردنی هاوڵاتیان له‌ دۆڵی بالیسان و بارزان به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا، شه‌هیدكردنی شه‌ش پێشمه‌رگه‌ی پارتی له‌ پێشوتر له‌چیای شه‌نگال ئه‌وانه‌ كێی له‌پشت بوو؟ پارتی و حكومه‌تی هه‌رێم له‌شه‌نگال ده‌سه‌ڵاتیان نیه‌ حكومه‌تی عیراق له‌شه‌نگاله‌ ئه‌وان به‌رپرسن ئه‌وه‌جاری یه‌كه‌م نیه‌ توركیا شه‌نگال بۆردومان ده‌كات.”

مه‌حما خه‌لیل ده‌شڵێت :” په‌كه‌كه‌ وتیان له‌شه‌نگال ده‌كشێینه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا هه‌موویان نه‌كشاونه‌ته‌وه‌، كشانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌شه‌نگال له‌ قازانجی شه‌نگال و پاراستنی خه‌ڵك و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شه‌نگال و گه‌ڕانه‌وی خه‌ڵك و هه‌روه‌ها عیراق و هه‌تا په‌كه‌كه‌ خۆیه‌تی چونكه‌ توركیا بونی ئه‌وانی كردووه‌ به‌ پاساو بۆ بۆردومانی شه‌نگال، كێشه‌ی كورد به‌ بۆردومان چاره‌سه‌رنابێت، ئه‌گه‌ر توركیا پاراستنی سنوره‌كانی كردۆته‌ پاساوی لێدانی په‌كه‌كه‌ و بۆردومانی شه‌نگال، بۆچی ئه‌وكاته‌ی داعش له‌موسڵ بوو توركیا بۆردومانی داعشی نه‌ده‌كرد؟ خۆ موسڵیش هاوسنوری توركیایه‌ !”

له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كوشتنی زه‌كی شه‌نگال قایمقامی شه‌نگال گوتیشی :” كاك زه‌كی كوردێكی ئێزیدی خه‌ڵكی توركیا بوو به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ئێمه‌ له‌بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر شه‌نگال شه‌هید كراوه‌، كه‌ شه‌ڕی نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیایه‌ و ئه‌و كێشه‌یه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌كوردستانی توركیاوه‌ نه‌ك ئێره‌ هیوادارین به‌لێك تێگه‌یشتن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.”

Back to top button