كه‌ركوك خوێندنی كوردی توشی قه‌یران ده‌بێت
له‌پاش ڕووداوه‌كانى خیانه‌تی ۱٦ ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى ۲۰۱۷ و هاتنى سوپاى عێراق و هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبی بۆ سنوورى ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ركوك و خورماتوو خانه‌قین كه‌وته ژێرده‌ستى میلیشیای حه‌شدى شه‌عبی و له‌وكاته‌وه تاوه‌كو ئێستا ڕۆژدواى ڕۆژ ژماره‌ى كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان ته‌عریبكردن به‌رامبه‌ر به هاووڵاتیانى كوردى سنووره‌كه له زیادبووندایه.
رەئوف سەعدوڵا بەرێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک،له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکاى رایگەیاند:”خوێندنى کوردى لەکەرکوک بەردەوامە، بەڵام هەندێک لە خوێندکارە کوردەکان ڕوو لە خوێندنى عەرەبى دەکەن و ژمارەیەکى زۆر خوێندکارى کورد ئاوارە بوون و ئێستا لە شارەکانى سلێمانى و هەولێرن.”
سەبارەت بەهۆکارى ڕووکردنە خوێندنى عەرەبى لەلایەن خوێندکارە کوردەکانەوە،بەرێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، دەڵێت”حکومەتى هەرێم لەکەرکوک نەماوە، خوێندکارە کوردەکان وا هەست دەکەن دوا رۆژ لەگەڵ خوێندنى عەرەبیدایە.”
بەرێوەبەرى خوێندنى کوردى لە کەرکوک، ئاماژەى بەترس و دڵەراوکێى مامۆستایانى خوێندنى کوردى کرد لە کەرکوک، گووتیشى”ئێمە میلاکمان لەسەر هەرێمە، بەڵام لەقوتابخانەکانى سەربە بەغدا وانە دەڵێینەوە، واتە بە تەنسیب دادەنرێین و هیچ مافێکى یاساییمان لەشارى کەرکوک نیە.”
بەپێى ئامارە فەرمیەکان، لە ئێستادا نزیکەى ۸۱ هەزار خوێندکارى کورد لە کەرکوک لەخوێندنى کوردى دەخوێنن، لە کاتێکدا پێش خیانه‌تی ۱٦ ى ئۆکتۆبەر ژمارەى خوێندکارانى خوێندنى کوردى ۱۰۰ هەزار خوێندکار بووە، بەم پێیە نزیکەى ۲۰ هەزار خوێندکار بەهۆى ئاوارە بوونى کەس و کاریانەوە، کەرکوکیان جێهێشتووە.