بزانه سهرۆك بارزانی بۆچی سهردانی پێشمهرگهی كردووه
رۆژی پێنج شەممە 23ـی8ـی2018 بەمەبەستی هەواڵپرسین و پیرۆزبایی جەژن، سەرۆك مسعود بارزانی سەردانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە كرد.
لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی لە فەرماندە و پێشمەرگەكانی ئەو میحوەرە و هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان كرد. سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بە تیرۆریستان و شەڕی بەرگری لە خاك و نیشتیمان كرد و ستایشی گیانفیدایی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كرد لە پاراستنی كەرامەتی خاك و نیشتیمان. سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە داستانەكانی بەرگری لە خاك و نیشتیمان، رایگەیاند كە خۆراگری و قارەمانێتی پێشمەرگە بوو كە مێژووی بۆ گەلی كوردستان تۆمار كرد و بەهۆی ئەو داستانە پڕ لە شانازییانە پیلانی نەهێشتنی دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان وەستێندران.
سەرۆك بارزانی سڵاوی بۆ شەهیدانی بەرگری لە خاك و نیشتیمان و هەموو شەهیدانی كوردستان نارد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست و راشیگەیاند كە ئیرادە و هێزی پێشمەرگە كوردستانی پاراست و ئەوە بۆ پێشمەرگە سەربەرزی و شانازییە.