به‌ ڤیدیۆ: بەرپرسێکی پەکەکە, فڕكه‌كانی عێراق چاودێری زه‌كی شنگالیان ده‌كرد, زانیاریان به‌ توركیا داوه‌

 

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی توركیه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای په‌كه‌كه‌ له‌ شنگاڵ كرایه‌ ئامانج,یەکێک لەو بەرپرسانەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری شنگال کە لە کاتی بۆردومانکردنەکەی ئەم دواییەدا یاوەریی زەکی شنگالی، بەرپرسی دەڤەری شنگالی پەکەکەی دەکرد، ئاشکرای کرد کە فڕۆکەکانی تورکیا لە نزیک بازگەیەکی سوپای عێراق و لەژێر چاودێریی دوو کۆپتەری عێراقی بۆردومانەکەیان ئەنجام داوە.

لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵێکی نزیک لە پەکەکە، حەربو خدر، هاوسەرۆکی دەستەی ڕێڤەبەریی شنگال کە دەستەیەکی سەر بە پەکەکەیە، چۆنیەتیی بەئامانجگرتنی زەکی شنگالی لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیا ئاشکرا کرد و ڕوونی کردەوە: ”پێش ئەوەی فڕۆکە بۆردومانەکە بکات، لە دوو شوێن وەستاین و دوو ماڵبات کێشەیان هەبوو چارەسەر کران. دواتر لە بازگەیەکی سوپای عێراق کە ئاڵا و دەبابە و هەمەری سوپای عێراقی لێبوو، تێپەڕین، پێش ئەوەی بگەینە ئەو شوێنەی کرابووە ئامانج، مووشەکێکیان هەڵدا و ٣٠٠ مەتر لە دووری ئۆتۆمبێلەکەی زەکی شنگالییەوە کەوتە خوارەوە، ئۆتۆمبێلی من ٢٠ مەتر لە ئۆتۆمبێلی شنگالی دوور بوو. بۆیە ئێمە ڕۆشتین و جارێکی دیکە مووشەکی دووەمیان ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکەی مام زەکی کرد، بەو هۆیەوە زەکی شنگالی بریندار بوو، ئۆتۆمبێلێکی ئێمە هاتە هاواری مام زەکی و خستیانە نێو ئۆتۆمبێلێک و بردیان“.

حەربو خدر ئاشکرای کرد کە کاتێک ئەو ئۆتۆمبێلەی زەکی شنگالی بە برینداری تێدا بووە، لە بازگەکەی سوپای عێراق نزیک بووەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکان مووشەکێکی دیکەیان ئاراستەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و بەهۆیەوە زەکی شنگالی گیانی لەدەست داوە.

ئەو بەرپرسەی پەکەکە حکوومەتی عێراقی لە هێرشەکە بە بەرپرسیار لەقەڵەم دا و ڕای گەیاند: ”عەبادی دوو ڕۆژ بوو لە تورکیا بوو و ئەگەر زۆرە کە عەبادی لەگەڵ ئەردۆگان ڕێککەوتنی کردبێت“.

دووپاتیشی کردەوە: ”زەکی شنگالی لە ژێر ئاڵا و دەبابە و هەمەری عێراقی بۆردومان کرا، کەچی کەسێک لە بازگەکەی عێراق پەنجەیەکی بریندار نەبوو. دوو کۆپتەری عێراقیش لەسەر سەری ئێمە بوون و کۆپتەرەکان بە دڵنیایی دەیانبینی کە فڕۆکە ئێمە بۆردومان دەکات، هیچیان نەکرد“.

 

Back to top button