برایه‌كی ئۆجەلان: پەكەكە لەسەر ڕێگایەكی هەڵە هەنگاو دەنێت

 

دوای ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی قۆرغكرد و رێگه‌ی نه‌دا كه‌ پارته‌كانی دیكه‌ به‌شداری له‌ به‌رێوه‌بردنی رۆژئاوا بكه‌ن, هه‌روه‌ها له‌ باكوری كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دات رێگری له‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی حزبه‌ كوردیه‌كانی باكوری كوردستان ده‌كات, سیاسەتمەدارێكی كورد دەڵێ، پێویستە سەرۆك بارزانی دووبارە هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە، كە ئێستا هیچ ئۆمێدێك نییە.

عوسمان ئۆجەلان، سیاسەتمەداری كورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاند: “پەكەكە لەسەر ڕێگایەكی هەڵە هەنگاو دەنێت، ڕێگە نادات حزبەكانی دیكە لە باكووری كوردستان بێنە پێشەوە، پێویستە سەرۆك بارزانی دووبارە هەوڵەكانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە پرۆسەی ئاشتی دەست پێ بكاتەوە، ئەوەش بەوە دەبێت كە هەندێك هێزی سیاسیی نوێ بێنە پێشەوە، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دووبارە دەست پێ بكاتەوە، كە ئێستا هیچ ئۆمێدێك نییە، پەكەكە ئاشتی ناوێت و ڕێگەش نادات هیچ هێزێكی دیكە بێتە پێشەوە، بۆیە تا هێزی نوێ نەیەنە كایەوە پرۆسەی ئاشتی جارێكی دیكە دەست پێ ناكاتەوە.”

سەبارەت بە پێوەندییەكانی توركیا و هەرێم، ئۆجەلان ڕوونی كردەوە: “هەرێمی كوردستان و توركیا دوو دراوسێی یەكدینە، لە هەموو ڕوویەكەوە پێویستیان بە یەكدی هەیە، بۆیە پێویستە پێوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێكی بەرزدا بێت، وەكو سەرۆك بارزانی دەڵێ، دیالۆگ و گفتوگۆ بەشێكە لە خەباتی نەتەوەیی، بۆیە پێویستە هیچ كاتێك كورد خەباتی دیالۆگ نەداتە پاشەوە، بەڵكو پێویستە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ گفتوگۆ بكات، چونكە چەند گفتوگۆكان بچنە پێشەوە، ئەوە زیاتر لە بەرژەوەندیی گەلی كورددایە”.

Back to top button