گه‌وره‌ دۆستی كورد و سیناتۆڕی ئه‌مریكی جۆن مه‌كین كۆچی دوایی كرد.

سیناتۆری ئەمریكی (جۆن مەكین) پاش ململانێـیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەی مێشك، لە تەمەنی (81) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.”

ئۆفیسی سیناتۆر مەكین ڕایگەیاند، شەوی رابردوو سیناتۆر مەكین بۆ دواجار چاوەكانی لێكناو كۆچی دوایی كرد.

(جۆن مەكین) زیاتر لە ساڵێكە چارەسەری پـزیشكی وەردەگرت، هەفتەی ڕابردووش خێزانەكەی ڕایگەیاند، مەكین بڕیاریداوە چیتر بەردەوام نەبێت لە وەرگرتنی چارەسەری پـزیشكی.

سیناتۆر مەكین بە درێژایی (60) ساڵ خزمەتی وڵاتەكەی كردووە، ساڵی (1958) كۆلێژی سەربازی تەواوكردووەو پاشان بووە بە فڕۆكەوان و لە شەڕی ڤێتنام لە ساڵی (1967) فڕۆكەكەی بە موشەكێك دەكەوێتە خوارێ و بە دیلی دەستگیردەكرێت و پاشان لە ساڵی (1973) ئازاد دەكرێت.

(جۆن مەكین) هەرچەندە سیاسەتمەدارێكی كۆماری بوو، بەڵام چەندان جار بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ پارتەكەی هەبووە، ئەمەش وەهای لێكردبوو پـێگەیەكی تایبەتی خۆی هەبێت، یەكێك بوو لەو سیناتۆرانەی تێڕوانینەكانی زۆر بە هێند وەردەگیران، تەنانەت زۆر جار وەك سیناتۆرێك سەردانی وڵاتانی دەكرد تاوەكو لە نزیكەوە ئاگاداری پـێشهاتەكان بێت و دواتر كۆنگرێس لە تێڕوانینەكانی ئاگاداربكاتەوە.

سیناتۆر مەكین كە نوێنەرێكی ویلایەتی ئەریزۆنا بوو لە ئەنجوومەنی سینات، خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ساڵی (2008) كاندید كرد، بەڵام نەیتوانی سەركەوتن بە سەر سەرۆكی پـێشوو (باراك ئۆباما) تۆماربكات.

(دۆناڵد ترامپ) لە ڕێگەی تویتەرەكەیەوە پـرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزانی (جۆن مەكین) كردو نووسیویەتی (دڵمان و نوێژو نزامان لەگەڵ ئێوەیە).

مانگی پـێنجی ساڵی (2017) كاتێك پاسەوانەكانی (ڕەجەب تەیب ئەردوگان) سەرۆكی توركیا لە واشنتۆنی پایتەخت پەلاماری خۆپـێشاندەرانیاندا كە زۆربەیان كوردبوون، (جۆن مەكین) داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیای كرد.

مانگی دەی ساڵی (2017) كاتێك حكومەتی عێراق هێرشی كردە سەر هێزەه‌كانی پێشمه‌رگه‌ لە شاری كەركوك، مەكین ناڕەزایی توندی خۆی دەربڕی و داوای وه‌ستانی له‌شكركێشی كرد بۆ سه‌ر كورد و پێشمه‌رگه‌ و كه‌ركوك و دیان هه‌ڵوێستی تری هه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد و دۆستێكی نزیكی سه‌رۆك بارزانی بووه‌.

Back to top button