كۆدەنگی بە جیاوازیەكانمانەوە
وێڕای قورسایی سەنگ و پێگەی كورد لە عێراق و كاریگەری هەولێر وەك پایتەختی بڕیاری سیاسی كورد لە بەلاداخستنی هاوكێشەكان لە بەغداد، بەڵام وجودی كورد لە پهڕلەمانی عێراق بە پەرتەوازەیی كاریگەری نەرێنی لەسەر سەنگ و پێگەی كورد دەبێت ، لە هەردوو ئاستی ناوخۆیی (چ وەك كوردستان و چ وەك عێراق) و دەرەكی، پەرتبوون لە بەغداد بە واتای لێك دوركەوتنەوە و دروست بونی ململانێی نێوان لایەنە كوردیەكان و دابەشبونی (هەندێك هێز) بەسەر بەرەكاندا دێت ، كە دواجار بە زیانی گەورە نبۆ ماڵی كورد دەگەڕێتەوە.
گەرچی پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا وەك هێزی یەكەم و دوەمی هەڵبژاردنە پأرلەمانیەكەی بەغداد لە سەر ئاستی كوردستان بڕیاریانداوە پێكەوە بچنە بەغداد، بەڵام پێویستە هێزەكانی دیكەش بهێنرێنە ناو هاوكێشەكە ، لەو ڕوەشەوە هەوڵ هەیە و خۆشبەختانەش فازیل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەی ئاشكرا كرد كە سەردانی لایەنەكانی دیكە دەكەن ئەگەر دەرگاشیان لێ نەكەنەوە خۆیان دەرگا دەكەنەوە.
میرانی كە سیاسیەكی قاڵی ناو كۆبونەوەو دانیشتنە گرنگەكانە دەرك دەكات كۆدەنگی كوردو كورسیەك بۆ كورد لە بەغداد چەند كاریگەرە و بەرژەوەندی كوردستانیش لە بەغدا وا دەخوازێت بۆیە وێڕای بەهێزی و سەنگی قورسی حزبەكەی،لێ میرانی ئامادەیە بە هێزەكانی دیكە بڵێ (گەر دەرگامان لێ نەكەنەوە خۆمان دەرگا دەكەینەوە).
سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەو جیاوازیە گەورەی ستراتیژو ئایدۆلۆژیاو بەرنامەی حزبەكان دەبینێت لێ گەرەكیە بڵێ كۆدەنگیمان لە بەغدا دەچێتە بازنەی خزمەت كردنی دۆزی گەل و دەركیش دەكات خولی داهاتووی پارلەمانی عێراق زۆر پرسی گرنگ یەكلایی دەكاتەوە،كە ڕاستەوخۆ لە كێڵگەی سیاسی عێراق و كوردستان كاریگەری گەورە دادەنێت.
كە دەوترێت كۆدەنگی بە مانای كوشتنی جیاوازیەكان نایەت بەڵكو بەو مانایە دێت كە گۆڕەپانی ململانێی هێزە كوردیەكان كوردستانە نەك بەغداد، ئاخر چۆن دەبێت لە ناو نەیاراندا كورد ململانێ بكات و ئەوانیش چەقۆی ڕقی دەستیان بۆ ملمان تیژ بكەنەوە؟!
ئەوەی لام سەیرو جێگای سەرنجە هەر دوای وتەكەی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی چەند سیاسیەكی لاوی كەم ئەزمون داوا لە حزبەكانیان دەكەن بەجیا بڕۆنە بەغداد،ئیتر بۆمان ڕون ناكەنەوە گەر كورد بە كۆدەنگی نەتوانێت كاریگەری خۆی هەبێت لە پارلەمانی عێراق،ئاخۆ هێزێك بە دوو یان سێ كورسیەوە چی پێدەكرێت ؟
ئایا ئەو هێزە لەو چوار ساڵەدا گەر لەگەڵ كۆدەنگی هێزەكانی دیكەی كوردستان نەبێت پێمان ناڵێ چۆن و بە چ ڕێگەیەك لەو پارلەمانە یاسایەك بە سودی ئەم گەلە دەردەكات ؟