مه‌حمود محه‌مه‌د:پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان ئێمە و یەکێتی یەکلایی نەبووەتەوە و قسەمان لەسەر نەکردووە

لە عێراقی نوێ پۆستی سەرۆک کۆمار، پشکی کورد بووە، لە ناو لایەنە کوردستانییەکانیش یەکێتی خاوەنی پۆستەکە بووە، بەڵام ئەمجارە سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیانوایە، نەخشەی سیاسی گۆڕاوە، مەرج نییە ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت، چونكه‌ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق به‌ پێی خاڵ دائه‌نڕێت.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە رایگەیاند: ” پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان ئێمە و یەکێتی یەکلایی نەبووەتەوە و قسەمان لەسەر نەکردووە ، سەرۆککۆمار، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان بەپێی خاڵ دادەنرێن، ئێمەش بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە خۆمان بە موستەحەقتر دەزانین، بەپێی ئەو خاڵانەی هەیە دەبێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت”.

سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گووتی: “ئەوەی ساخبووتەوە ئەوەیە کە ئەو پۆستە بۆ کوردە و لەنێو کوردستانیش کورد خۆی بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کێ وەری دەگرێت”.

سه‌باره‌ت به‌ هاتنی شاندی شیعه‌كان كه‌ وابریاره‌ سبه‌ینێ بگه‌نه‌ كوردستان ، مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “سبەی شاندێکی لایەنە شیعییەکان دێنە کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، شاندێکی وەتەنییە کە زۆرینەی عەرەبە سوننەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت ئەوانیش هاتبوون بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئێمە”.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: “تاوەکو ئێستا ئێمە وەک پارتی و یەکێتی خۆمان یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەچینە پاڵ کام هاوپەیمانی بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق”.

Back to top button