نه‌جیبه‌ نه‌جیب: كورد ده‌بێت پشكی له‌ %۱۷ـی بودجه‌و پرسی نه‌وت یه‌كلای بكاته‌وه‌

كورد بە ھۆی بڕیارە سیاسییەکانی بڕینی مووچە و بودجەی خەڵکی کوردستان زۆر تاڵی و ناخۆشی بینی، بەڵام دواجار کار گەیشتە ئەوەی لایەنە عێراقییەکان بۆ ڕازیکردنی کورد ئامادە بن بە ھەڵەی خۆیاندا بچنەوە و مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان خەرج بکەن.

نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاند: “ئاشکرایە لایەنە شیعەکان بەبێ کورد، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کە خاوەنی ٤٥ کۆرسیی پەرلەمانن ناتوانن حکوومەتی نوێ دروست بکەن، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پڕۆژەی پارتی و یەکێتی بۆ دانوستان و چوونە نێو پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت چارەکردنی پرسە داراییەکان و جێگیرکردنی ١٧%ی پشکی بودجەی ھەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتیی عێراق.”

ئەندامه‌كەی پێشووی لیژنەی دارایی گووتی: “مەبەست لە کێشە داراییەکان یەکلاکردنەوەی پرسی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە بە شێوەی سەربەخۆ، چونکە لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە ھەرێم ڕاستەوخۆ نەوتی خۆی ھەناردەی دەرەوە دەکات و پێویستە ئەو بابەتە یەکلا بکرێتەوە، بەغدا خۆی ڕازییە بە شێوەی سەربەخۆ ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام چونکە لە ڕووی یاساییەوە یەکلا نەکراوەتەوە بەھاکەی ھەرزانترە لە بەھای بازاڕ، واتە بە گوێرەی دەستوور یاساییە و بەغدا ددانی پێدا ناوە.”

سه‌باره‌ت به‌ پێداگری كورد له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی چه‌ند خاڵێك لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق. نەجیبە نەجیب ده‌ڵێت: “کورد پێشمەرجی ئەوەی ھەیە بۆ لایەنە عێراقییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دابێ (٢٠١٩) ھەم پشکی ١٧% بۆ ھەرێمی کوردستان زامن بکرێت، ھەمیش پرسی نەوت یەکلا بکرێتەوە، بە پێی زانیاریی من ھەمە، ھەندێ لایەنی شیعی بە ژمارەیەک مەرجی کورد ڕازی بوونە، بەڵام نازانم بۆ پرسە داراییەکان تا چەند دێنە ژێر باری کورد.”

Back to top button