ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تح په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌در كرد, عامری له‌ لێواری كه‌وتنه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح كه‌ ده‌گوترێت نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی میلیشاكانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات, له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایاری رابردووی عێراق توانی سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنێت, له‌ ئێستادا كه‌وتۆته‌ گفتوگۆ بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانێتی و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌یران, له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌ندامێكی هاوپه‌یمانی نه‌سر ده‌لێت:” ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح په‌یوه‌ندیان به‌ سائیروونه‌وه‌ ده‌كه‌ن”

عه‌لی سنێد، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نه‌سر كه‌ له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ره‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، ئاشكرایكرد، ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان هه‌ریه‌ك له‌ ئیئتیلافی نه‌سر، سائیرون و به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی فه‌تح بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی هاوپه‌یمانێتی نه‌سر ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌ك له‌و ئه‌ندامانه‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامری، ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی به‌دره‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت‌، له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عامری جیابوونه‌ته‌وه‌ و هاتوونه‌ته‌ پاڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی سائیرونی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در.

سنێد له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی سومه‌ریه‌ نیوز ئاشكرایكرد، “ئێستا ئیئتیلافی سائیرون و نه‌سر و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدان، به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی”.

سنێد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی فه‌تح كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدارن، دانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ فه‌تح جیاببنه‌وه‌ و به‌یه‌كجاری بێنه‌ باوه‌شی سائیرون”.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا هێشتا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان هه‌ڵوێستی كۆتاییان بۆ هاوپه‌یمانێتیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان یه‌كلایی نه‌كردۆته‌وه‌‌.

ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌پێناو پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی، كێبڕكێیه‌كی به‌هێز له‌نێوان لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی عێراقی بۆ پێكهێنانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌, له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رۆژانه‌ گۆڕانكاری نوێ ده‌بیسترێت، هه‌رچه‌نده‌ جاربه‌جار هه‌ندێك لایه‌ن نزیكبوونه‌وه‌ی خۆیان له‌ ئامانجی كۆتایی راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام رۆژی دواتر هه‌واڵی درووستبوونی درزێكی گه‌وره‌ له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

Back to top button