نهێنی په‌یوه‌ندییه‌كانی شاسوار عه‌بدوالواحید و یه‌كێتی ئاشكرا ده‌بێت

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان، لە هه‌ژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە لایڤێکی ڤیدیۆییدا باسی لە شاسوار عەبدولواحید ده‌كات كاتێك ”دووکانی سیدی فرۆشتنی هەبووە“ و دواتر یەکێتی لە ڕێگەی عومەر فەتاحەوە هەزاران دۆنم زەوییان پێ داوە.

پەرلەمانتاره‌كه‌ی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: ”لە ١٥ی ١٢ی ٢٠٠٨ داوای لە سکرتێری گشتیی یەکێتی کردووە، پڕۆژەکانیان بۆ فراوان بکات، سکرتێری گشتیی یەکێتی چ ڕەبتێکی بە زەویوزارەوە هەیە؟ کەچی سکرتێری گشتیی یەکێتی لەسەر یاداشتەکەی کۆمپانیای نالیا دەنووسێ و دواتر زەوی پێ دەدرێت“.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ هه‌ژماره‌كه‌ی له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ده‌شڵێت :” ”نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلاری بە قەرز لە حکوومەتەوە پێ دەدرێت، لە باشترین شوێنی سلێمانی زەوی پێدراوە و قەرزیشی پێ دراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوونیش بە زمانی بازاڕ، بە ١٠ دەفتەر و ١٥ دەفتەر فرۆشتووە و قەرزەکەشی نەداوەتەوە. تۆ بپرسە، تێکڕا ٣ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی درووست کردووە کە هەندێک شوێن هەبووە لە گوندی ئەڵمانی، بە ٨٠ یان ٧٠ دەفتەر فرۆشراوە، لەم ٣ هەزارە لە هەریەکەیان ٥ دەفتەر قازانجی کردبێ، دەکاتە ٣٠ هەزار دەفتەر دۆلاڕ، ئایا ئەو قازانجە چی لێهات؟ برایە دەرەوە؟ یان لە قومار دۆڕا؟ یان شەریکە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەسەڵات؟ ئەی کە ئەو پارە زۆرەت دەستکەوت، بۆ قەرزی حکوومەت نادەیتەوە کە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دۆلارە؟“

هه‌روه‌ها عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح نوسراوێكی كۆمپانیای نۆكان بۆ شاسوار عه‌بدوالواحید ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: بە نووسراوێکی فەرمی کۆمپانیای نۆکان کە هی ئیدارەی گشتیی یەکێتییە و عەلی فەتاحی برای عومەر فەتاح واژووی لەسەر کردووە، بە ” شاسوار عه‌بدوالواحید” ده‌لێ بۆت نییە تەحەکوم بە پشکەکانی کۆمپانیای نالیا بکەی، کەواتە شەریکن و مامەڵەیان پێکەوە کردووە“.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باس له‌ گفتوگۆی نێوان دوو به‌رپرسی یه‌كێتی ده‌كات له‌سه‌ر شاسوار عه‌بدوالواحید و ده‌ڵێت:” له‌م ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی یه‌كێتی كۆبوبونه‌وه‌وگفتوگۆیان کردبوو، بەرپرسێکی یەکێتی گوتوویەتی، شاسوار عەبدولواحید شەو و ڕۆژ قسە بە یەکێتی دەڵێ، بەرپرسێکی یەکێتی وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی: ”لێی گەڕێ، خەڵکی تریش ڕۆژانە قسەمان پێ دەڵێن، بەڵام ئەم کوڕە ئەگەر ٥ کورسی بەرێت، لە قەبارەی گۆڕان کەم دەکاتەوە، ١٠ کورسیش ببات هی گۆڕانە“.

عەلی حەمەساڵح درکاندوویەتی کە هەر ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتوویەتی: ”خۆمان ئاگامان لێیەتی و بپرسە بۆ بەرپرسە ئەمنییەکانمان ماڵیان لە گوندی ئەڵمانییە و باشترین خانوویان پێ دراوە؟ بەرپرسی مەڵبەند و ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەمووی دراوسێی ئەو کاکەیەن لە گوندی ئەڵمانی. لەچی دەترسن؟ هەر سبەی یاخی بوو لێمان، بانگی دەکەین و دەڵێین ئەوەندە ملیۆن دۆلاری نۆکان قەرزاری، ٤٠ ملیۆن دۆلاری حکوومەت قەرزاری، ٦.٥ ملیاری نۆرث بانک قەرزاری و زیاتر لە ٢٠٠ سکاڵات لە دادگای سلێمانی لەسەرە و ئەوەندە موخالەفەیەت لە پڕۆژەکاندا هەیە، بۆیە یەک کەسە و دەتوانین کۆتایی پێ بهێنین“.

لە کۆتاییشدا دووپاتی دەکاتەوە کە حزبەکەی شاسوار عەبدولواحید ”بۆ بچووککردن و لێدان لە گۆڕان درووست کراوە“.

 

Back to top button