مامۆستایان پرۆتستۆی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانیان کرد بۆ گەرمیان

لەگەڵ سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ دەڤەری گەرمیان و قەزای کەلار بە تایبەتی بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازی گەرمیان دژی پرۆسەی گەندەڵی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان گردبونەوەیەکیان ئەنجام دا و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكومەت كۆبونەوە و بەڵێنی چارەسەریان گشتگیریان لێوەرگرت، بەڵام دواتر دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایانی گەرمیان ڕایدگەیاند: جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سوپاسی وەبەرهێنی پرۆژەكەی كرد و ئەوەش جێگای قبوڵكردن نیە لە کاتێکدا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە ھۆکار و بەرپرسی یەکەمی کێشە و گرفتەکان بوون .
 
دەستەی داكۆكی لە مافی مامۆستایانی گەرمیان ڕوونكردنەوەیەكی لەسەر پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان لە کەلار بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە:” لای هەموان ڕوونە كە لەماوەی ڕابردوودا بە مەبەستی خستنەڕووی دزی و گەندەڵییەكانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان لە دەرگای چەندین بەرپرسی ئیداری و حكومی و پەرلەمانتارمان داوە”.
 
هەروەها ئاماژەشیان بەوە داوە کە : دوێنێش لە پاش گردبوونەوەیەك كە بۆ پیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایان دژ بەو گەندڵكاریانە ئەنجام درا، سەردانی جێگری سەرۆكی حكومەتمان كرد و لە نزیكەوە بە ووردی دزی و گەندەڵییەكانی پرۆژەكەمان پێ ڕاگەیاند و داواكارییەكانمان خستەڕوو، ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی پێداین ئەم كێشەیە چارەسەردەكات”.
لە ڕونكردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە:” بەڵام بەداخەوە چەند كاتژمێرێك بە سەر بەڵێنەكەی جێگری سەرۆكی حكومەتدا تێنەپەڕی بەردی بناغەی پرۆژەكەی داناو زۆر سوپاسی وەبەرهێنی پرۆژەكەی كرد”.
هەر بە پێی راگەیاندراوەکە کە ھاتووە دەڵێن : دواتر پەیوەندیمان بە ڕاوێژكاری دارایی تاڵەبانییەوە كرد ، پێی ڕاگەیەندین كە تەنها دوو ساڵیان خستۆتەسەر ساڵانی دانەوەی قیستی كۆتایی واتا لە ٤٠% ی پارەی خانووەكان ، كە بەداخەوە ئەمە نەک لەئاستی داواكارییەكانی ئێمەدا نەبوو، بەڵكو لە ئاستی ئەو لە سنگ دان و بەڵێنەی جێگری حكومەتیشدا نەبوو کە لە دیدارەکەی لەگەڵ ماموستایانی نارازی دابووی .
لەكۆتای ڕاگەیاندراوەکەی ماموستایان ئەوەش هاتووە: ئێمە بەم كارە ڕازی نابین و داوا لە مامۆستایان دەكەین بەرگری لە ماف و گیرفانی خۆیان بكەن و نەهێڵن بازرگانی چاوچنۆك و كەسانی مشەخۆری پرۆژەكە ئەم دزی و گەندەڵییەیان لا ئاسایی بكەنەوە و شەرعیەتی پێ بدەن .
Back to top button