داهاتووی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر کام نەخشە؟

راپۆرتی شیكاری: تەنیا کوردی

-هێڵی داهاتووی وزەی رووسیا بە کوردستاندا تێپەڕدەبێ.
-ئەمەریکا بۆچی دەیەوێ بەربەستی ئێران تێپەڕێنێ؟
-کورد لەکام هێڵ و هاوپەیمانیدا سەرکەوتوو دەبێ؟
-بۆچی دەبێ رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە یان رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دروست ببێ؟

تاکۆتایی لەگەڵی بن بەم چەند خولەکە زانیاری نوێ بۆ داهاتوو دەخوێننەوە..لە ئێستادا جەنگێکی ئابووری گەورە بەڕێوەیە کە لە ئەگەری گۆڕینی جۆری هاوپەیمانێتی ناوچەکە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا دوو هێڵ دەکێشرێن کە لەوێنەکەدا بەڕوونی دیارە و سیاغەکردنەوەی حوکمڕانی ناوچەکەیش گۆڕانکاری بەسەردادێ، ئێمە کەوتووینەتە سەرنەخشەی ئابووری رووسیا بۆ داهاتوو و کەوتووینتە سەر نەخشەی جیۆسیاسی و سەربازیش لەڕووی نەخشەی داهاتووی ئەمەریکا.

کورد لەسەر هیڵی وزەی جیهانیدا

لە بنەڕەتدا گۆڕانکارییەکە لە هاوپەیمانێتی هەردوو جەمسەری رووسیا و ئەمەریکایە، بەڵام بەیەکەوە بۆ ئەم نەخشەیە هاوبەشن، تا ئێستا ئەمەریکا لەڕووی جیوگرافیای سیاسی شوێنفووزی بەهێزە، بەڵام لەڕووی ئابووری بە تایبەت غازی سرووشتی کە شەڕی داهاتووی ناوچەکەیە نەخشەی رووسیا وردە و براوەیە، کە رێککەوتنێکی پێشوەختەی رووسیا و ئەمەریکایش بۆ ئەم مەبەستە هەیە، بەڵام ئەمە لوعبەیەکی درێژە و ئیدی وردە وردە ئاماژەکانی دیارن و بە پێویستم زانی لێرەوە بە درێژی باسی بکەم، چونکە بابەتەکە هەستیارە و پێویستی بە شرۆڤەیەکی درێژ هەیە.

لە جەنگی کەنداودا، پنتاگۆن بەشێوەک تێڕوانینی هەبوو کە دەبێ کوردستانی ئازاد لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا دروست بکرێ، وەک لە وێنەی دووەمدا بەروونی نەخشەی پنتاگۆن هەیە، سەرەتا دەبێ لە عێراقدا کورد پێگەی بەهێزبێ، دواتر لە سووریا و دوای ئەوەش لە ئێران و دواتریش لە تورکیا، بەڵام بەریتانیا رێگری بەردەم ئەو پڕۆژەیە بوو، ئێستا دەرکەوت کە تا رێ بۆ کورد خۆشنەکرێ لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێگەی کورد بەهێزنەکرێ ئەمەریکا ناتوانێ لە ناوچەکەدا بەتایبەت لەسەر هێڵی وزە و لەڕووی جیوگرافیای سیاسی و سەربازی بەو نەخشەیە بگات کە دەیەوێ، لەلایەکی دیکەشەوە رووسیا لە بەهێزبوونی پێگەی کورد لەڕووی ئابووری سوودمەند دەبێ.

ئەگەر سەیری وێنەی هێڵەکانی وزە بکەن بەشێکی گرینگی هێڵەکە دەبێ بە کوردستان بڕوات، هەروەها لەڕووی جیۆسیاسیش تاکە دەرچە کوردە کە راستەوخۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا واتە رێخۆشکردن بۆ دروستکردنی هێڵی ئابووری ناوچەکە بۆ ئەورووپا، کە سوودی بۆ ئەمەریکا و رووسیا هەیە، بۆیە لە داهاتوو ئەو دوو وڵاتە ئەم ئەگەرە دێنە سەرمێزی گفتوگۆ.
لە وێنەی یەکەمدا، بە گرینگ وەریگرن وێنەکە دوو هێڵی سەرەکی نەخشەی وزەی ناوچەکە لە ئیستادا رووندەکاتەوە، کە دەڵێن وزە مەبەست نەوت و غازی سرووشتییە، بەڵام غازی سرووشتی زیاتر چەکی داهاتووی ناوچەکەیە، وێنەکە تێگەیشتنێکی باشە کە بۆچی رووداوەکان لەسەر رێڕەوی ئەم دوو هێڵەدا گەرمن، بەشێکی رووداوەکان پارساڵ بە تەواوی روویدا، ئێستا بەشی دووەمی دەبێ دەوران ببێ، ئێران و بەریتانیا و قەتەر و تورکیا نەیانتوانی رەسمی ئابووری ناوچەکە بە دروستکردنی داعش بگۆڕن، بۆیە ئێستا زیانی ئابووری دەکەن بەتایبەت قەتەڕ ئەگەر بێت و خۆی لە ئێران بە دوورنەگرێ ئیدی تووشی گوشاری نوێ دەبێ، لە بەرانبەردا رووسیا و ئەمەریکا یەکێک لەڕووی پێگەی جیوسیاسی و سەربازی ناوچەکە و، ئەوی تریان لەڕووی جیۆئابووری ناوچەکە سوودمەندی سەرەکین.

جەنگی داهاتووی ناوچەکە لەسەر ئەم دوو رێرەوەیە، ئیدی بەروونی لە وێنەکە دیارە کە رێرەوی داهاتووی وزە چی لێدێ کە هێڵێک دێتە سنووری کوردستان کە رووسیا سەرپەرشتی دەکات، کە هێڵی قەتەر-ئێران بۆ سووریایە و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا، ئەم هێڵە راستەوخۆ لەلایەن رووسیا سەرپەرشتی دەکرێ.

ئێستا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سەر هەردوو هێڵ، لە هێڵی یەکەمدا لە پاکێجی رووسیا و ئێران، بۆ سووریا و ئەورووپا، کە دیارە هێڵەکە بە خاکی کوردستان تێدەپەڕێ، بەو ناوچە داگیرکراوانەی کە ئێستا حەشدی شەعبی داگیری کردوون و تا سنووری نزیک هەولێر، ئەم هێڵە ئامانجی خۆی پێکا، ئەوەتا رۆسنەفت هات و ئیدی هەناردەی غازی سرووشتی لە ئەستۆ گرت، ئێستا ترسی تورکیا لەوەیە کە رێرەوی هێڵەکە لە تورکیاوە بۆ سووریا بگۆڕێ، ئیدی ئەمە پرسێکە و دواتر رووداوەکان بڕیاری لە بارەوە ددەن، کەوایە لەم هێڵەدا کورد بە تەواوی خۆی قایمکردووە و ئیدی گوشارەکانی بەریتانیا و ئێران و قەتەڕ بە داعش و هەروەها گوشارەکانی دیکەی عێراق و تورکیا و ئێران لە دوای ریفراندۆم نەیتوانی ئەو هێڵە ببچڕێنێ، بۆ داهاتووش ئەگەر هاوپەیمانێتی رووسیا بە تەواوی غازی سرووشتی لەسەر ئەم هێڵە کۆکردەوە ئەوا خاکی هەرێم دەبێتە ناوەندی هەناردی غازی سرووشتی.

لە هێڵی دووەمیشدا، کە هێڵی قەتەڕ-تورکیایە هێڵەکە لە قەتەوەر دێ و بە ئوردنەوە دێتە نێو سووریا و لەوێ بۆ ئەورووپا دەچێ، ئەمەریکا سەرپەرشتی پاکێجەکە دەکات، دووبارە هەرێمی کوردستان بۆڕی غازی سرووشتی خۆی هەیە بۆ تورکیا و گرێبەستی لەگەڵ رۆسنەفت هەیە، بۆ هەرێمی کوردستان کامە هێڵ لە داهاتوو زۆر کارا بێ، ئیدی کێشەی وزەی نابێ، ئێستا وەک دیارە کە شوێنی جیۆسیاسی هەرێمی کوردستان لەڕووی کەرتی وزە چەندە گرینگە بۆ ئەورووپا و ئەمەریکا و رووسیا.
ئەمەریکا لەڕووی پێگەی جیۆسیاسی لە قەتەر بەهێزە، بنکەیەکی گەورەی سەربازی لەوێ هەیە، لە عێراق، سووریا، هەیەتی، لە هەرێمی کوردستان خەریکی دروستکردنی گەورەترین کونسووڵخانەیە کە بە دڵنیاییەوە سەرەتایەکە بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازیش، رووسیا لەڕووی پێگەی هاوبەشی لە وەبەرهێنانی غازی سرووشتی پێگەی لە هێڵێک بە تەواوی هەیە کە کوردستان بۆ رووسیا زۆر گرینگە لەڕووی ئابوورییەوە.

هەرێمی کوردستانیش غازی سرووشتی خۆی دەبێ، ئیدی لە وێنەکە وردببنەوە، داهاتووی کوردستان بەروونی دیارە کە ئیدی پاڵپشتی ئەورووپا لە داهاتوو زۆر بە روونی دەردەکەوێ بۆ کوردستان، چونکە دەکەوێتە چەقی هەناردەی داهاتووی غازی سرووشتی، بێنە بەرچاوی خۆتان کە ئێران و قەتەڕ هاوبەشی هەناردەی غازی سرووشتین ئەگەر ئەو پێوەندییە بچڕا؟ ئەوا هێڵی دووەمی قەتەڕ کە راستەوخۆ بە ئوردن و تورکیا بۆ ئەورووپا دەچێ؟ دەبێ چی رووبدات؟ ئیدی بە دڵنیاییەوە رووسیا ئەو کاتە هێڵی نێو هەرێمی کوردستان کارا دەکات، ئەمە کە زۆر دەگمەن بیری لێکراوەتەوە و ئەمڕۆ باسی دەکەین، ئیدی هەرێم دەبێتە ناوەندی هەناردەی غازی سرووشتی، بە تایبەت دەرچەی ئێران بۆ ئەورووپا بەڵام کامە دەسەڵاتی ئێران ئەوە دەبێ بۆ داهاتوو بەجێی بێڵین، بەڵام نەخشەیەکە و بۆ داهاتوو بیری لێ کراوەتەوە.

تێپەڕاندنی بەربەستی ئێران

میحوەرێکی دیکەی جەنگەکە جیوسیاسییە، ئەم میحوەرە زۆر ئاڵۆزە، جەمسەرێکی پێوەندی هیند و پاکستان هەیە، وەک ئاسیای ناوەڕاست لە نەوت و غاز کە چین و رووسیا هەیمەنەتی بەسەروە هەیە، بەڵام لەرووی پیگەی سەربازیی ئەمەریکا لە جیۆسیاسییەکەدا نفووزی لە پاکستان بەهێزە و هیندیش هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە، لەوێ کێشەی ئەمەریکا لەگەڵ چینە، لێرە کێشەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و قەتەرە.
ئیدی ئەمەریکا دەبێ خۆی راستبکاتەوە، لەگەڵ قەتەڕ هاوپەیمانە بۆ ئەو هێزانەی کە دژایەتی ئەمەریکا دەکەن کەچی قەتەڕ هاوبەشی نەوت و غازی ئێرانە.
لەگەڵ عێراق هاوبەشی سەربازیی هەیە کەچی بەشێکی زۆری شیعەی سیاسی عێراق هاوپەیمانی ئێرانە.
لەگەڵ تورکیا هاوبەشی هەیە کەچی تورکیا هاوبەشێکی رووسیا و ئێرانیشە. لەگەڵ سووریا شوێنفووزی سەربازی هەیە کەچی سووریا هاوبەشی لەگەڵ ئێران هەیە.
بۆیە ئێران لە تەواوی جومگەکانی رۆژهەڵاتی ناویندا بەربەستە بۆ ئەمەریکا و دەبێ ئەم بەربەستە نەهێڵێ.

تێگەیشتنێکی ئاسانتر و داهاتووی کورد

میحوەری جیوساسی و جیۆئابووری و سەربازی پێوەندی بە جەنگی یەکلاکردنەوەی داهاتوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوین هەیە، ئێستا روونە کە رۆژهەڵاتی ناوین لەو رووداوانەی کە هەن لەڕووی ئابووری تەسمیمی رۆژهەڵاتی ناوینی گەورەی بۆ کێشراوە، ئیدی لەڕووی داڕشتنەوەی سنوور و دەرکەوتنی هەرێمەکان و دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەیشدا ئەمە قۆناغێکی دیکەیە کە دەبێ ئامانج بپێکی.
ئێستا وەک لە وێنەکەی دیارە کە رووسیا دەیەوێ هێڵی دووەمی غاز لە قەتەر و ئێران بە نێو خاکی کوردستان بۆ دوو جەمسەر بگۆڕێ-یەکێک بە سووریادا بڕوات و ئیدی ئەوەی تریش بە تورکیا، کە ئەمە ئەگەر روبدات ئەوا کوردستان دەبێتە ناوەندێکی تێپەڕبوونی وزەی جیهانی بۆ ئەورووپا لەگەڵ ئەوەی کە هەرێم وزەی خۆی هەیە.

کەوایە ئەم وێنەیە کۆدی زۆر گرینگی تێدایە کە ئەگەر بە وردی لێی وردببنەوە دیارە کە رۆژهەڵاتی ناوینی گەورە بۆچی دروستدەبێ؟ کورد دیارە کەلەسەر کامە رێگەی وزەیە و گۆڕانکارییەکانیش دیارن کە ئەمەریکا لەڕووی پێگەی سەربازی سەرەتا خۆی قایمکردووە و دواتریش تەکید ئەو ناوچانە ئارام نابن کە ئەگەر بێت و جۆری حوکمڕانی ناوچەکە سیاغە نەکرێتەوە، بۆیە لە داهاتوو دەبێ کورد زۆر بە وریایی بچێتە نێو دیقەتی ئەو وێنە نوێیانەی کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین کێشراون و پێشوەختە دیراسەی بۆ هەبێ، باشترە کە شارەزایانی سیاسی و ئابووری هەرێم لە دەوری پرۆژەیەک کۆببنەوە کە ئیدی بە جیددی دیراسەی باش بکەن، ئەمجارە بۆ چۆنیەتی سوودمەندبوونی هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکاری هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا.

 

*سەرنج-لەم شرۆڤەیەدا سوودم لە هەندێ تێڕوانینی پرۆفیسۆر میشال چاسودۆڤسکی بینیوە.

Back to top button