سی ئێن ئێن : دیمانەكەی لەگەڵ بارزانی بڵاو دەكاتەوە
خواكوڕك
لەدیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی سی ئێن ئێن، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، شەڕی موسڵ سەخت دەبێت و دڵنیام پێشمەرگە سەردەکەوێت”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و بەشداریی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو شەڕە، گوتی: “ئەمە یەکەمجارە کە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پێکەوە و بە هاوبەشیی شەڕی دژی یەک دووژمن دەکەن و ئەمەش گۆڕانێکە”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی رێککەوتنی پێشوەختەی سیاسی بۆ داهاتووی موسڵ کرد و گوتی: “ئێمە دەمانخواست هاوشانی پلانی سەربازیی، پلانێکی سیاسیش هەبێت، بەڵام لە پێناو دوانەکەوتنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەگەڵ بەغداد لەسەر پلانێکی سەربازیی رێککەوتین”
کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پرسیارێکی کەناڵی CNN بوو لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بارزانی لە وەڵامدا گوتی: “بۆ رێگرییکردن لە هاتنە پێشی کۆسپی گەورە لەگەڵ بەغدا رێککەوتین لەسەر دروستکردنی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە چاوەڕوانکراوەکان”.
گرنگترین شت بۆ موسڵ و پلانی داهاتوو بەڕای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە: “سەرجەم پێکهاتەکانی موسڵ لە دووبارەنەبوونەوەی ئەم قەیرانانە دڵنیا بکرێنەوە، پلانی دوای موسڵیش ئەوەیە کە نەهێڵین تۆڵەسەندنەوە روو بدات و دانیشتووانەکەی دڵنیا بن لەوەی کە بە ژیانێکی سەلامەت دەژین، هەروەها ئیدارەیەکی هاوبەش لە پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە درووست بکرێت بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە لە پێناو داهاتوویەکی باشدا ”
کیشەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پرسێکی دیکە بوو کە بارزانی باسیکرد و گوتی: “سەرەڕای قەیرانەکانی دیکە، ئێستا 1.8 ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندان و بۆ هاوکارییکردنی ئاوارەکان ئێمە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و هەموو لایەنەکان هەماهەنگییمان دەبێت، بەڵام پێویستیشە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکاریمان بکات، چونکە ئێمە لەوە زیاترمان پێ ناکرێت. ”
مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە باسی شەڕی موسڵی کرد و گوتی: “شەڕی موسڵ شەڕێکی سەخت و گەورە دەبێت و من دڵنیام پێشمەرگە سەرکەوتوو دەبێت، باوەڕم وایە بە هاوکاری سوپای عێراق و پاڵپشتیی هاوپەیمانان سەرکەوتوو دەبن”.
وادەی کۆتاییهاتنی شەڕی موسڵ پرسیارێکی دیکەی CNN بوو لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بارزانی گوتی”ئاستەمە بزاندرێت شەڕی موسڵ چەند دەخایێنێت، ئێمە هەوڵ دەدەین بە زووترین کات تەواو بێت، بەڵام لەوانەیە درێژە بکێشێت، هەڵبەت ئێمە تا تەواوبوونی شەڕەکە بەردەوام دەبین”.
s:rudaw