ناسیۆنالیزمی دڕاو : بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغا بە کوردی قسە ناکەن ؟

عادل باخەوان
بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەردەستدان، لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمەوە تا ئێستا، نزیکەی شەش هەزار زمان لە جیهاندا قسەیان پێدەکرێت، بەڵام زمانەکان لە یەک ئاستدا نین و وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت. بە گوزارشتێکی تر، ئێمە لەبەردەم دوو جۆر لە زمانداین : جۆرێکی هەژموندار و جۆرێکی هەژمونلەسەرکراو. بەڵام لەدەرەوەی سیستمی هەژمون، بەشێوەیەکی گشتی، زمان بەتەنها کەرەسەی گوستنەوە و گۆڕینەوە و پەیوەندی نیە، بەڵکو ئەو ئاوێنەیەشە کە “جیاکارایی” نیشمانی و “بنەمای باڵای” شوناس تیادا ڕەنگدەداتەوە. تەنانەت لە هەندێک دۆخی تایبەتدا، کورد و کەتەلۆنیەکان وەک نمونە، زمان دەبێت بە گوزارشتی یەکەم و سەرەتایی لەو شتەی کە زانستە کۆمەڵایەتیەکان ناویدەنێن : وشیاریی نیشتمانی( کۆنسیۆنس ناسیۆنال). بێهودەنیە کە گرێکەکان، چەند هەزار ساڵێک لەمەو پێش، هەمو ئەوانەی کە بە زمانی گرێک قسەیان نەکردوە، ناویان ناون : بەربەر!
 
مانگی داهاتوو نوێنەرانی کورد ڕێگای بەغا دەگرنەوە بەر! ئەمانە دەبێت تێبگەن لەوەی کە چ جۆرە پەیوەندیەکی دینامیک لە نێوان زمان و دەوڵەت، زمان و شوناس، زمان و نەتەوە، زمان و نیشتمان دا هەیە و بەبێ زمان، بەتایبەتی لە دۆخی کورد دا، ئەستەمە بنەمایەکی دیکەی سازدانی نیشتمانی و وشیاریی نیشتمانی و تەنانەت قەوارەی نیشتمانیش بونی هەبێت. لە دۆخی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، دەبێت زمان وەک “ڕۆحی باڵای نەتەوە” مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ڕۆحێک کە سنوری تۆ لەویتر جیادەکاتەوە و ئەو تێدەگەیەنێت کە ئێوە هەڵگری دو شوناسی جیاوازن و لەیەکتری ناچن. ناسیۆنالیزمی بێ شوناس جگە لە پرۆژەیەکی بەتاڵ هیچیتر نیە!
 
لێرەوە ئەو نوێنەرەی کورد لە بەغا کە بە کوردی قسەناکات، بەپێی ئەو بنەمایانەی کە ناسیۆنالیزمیان لەسەر بینادەکرێت، ناپاکی بەرامبەر نەتەوەکەی، نیشتمانەکەی، شوناسەکەی دەکات. ئەو وەزیرە کوردەی یان ئەو پەرلەمانتارە کوردەی کە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد دەبێت بە وەزیر یان پەرلەمانتار، بەڵام نە لە وەزارەتەکەیدا و نە لە پەرلەمان بە کوردی قسەناکات، بێگومان ڕێک ناپاکی لە نەتەوەکەی، نیشتمانەکەی، شوناسەکەی دەکات. لە وڵاتێکی وەک بەلجیکادا، چ لە پەرلەمان و چ لە حکومەتدا، فرانکۆفۆنەکان بە فەرەنسی و فلاندیەکان بە فلامۆ قسەدەکەن و وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ لەنێوانیاندا هەیە، لە سوسیرا و کەنەدا و چەندین وڵاتی دیکەش بزوتنەوە ناسیۆنالیستەکان لەهەمان چوارچێوەدا مامەڵەدەکەن. بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیە، ناسیۆنالیزمە دڕاوەکەی کورد و نوێنەرەکانیەتی کە شانازیدەکەن بەوەی کامیان باشتر لە بەغا بە عەرەبی قسەدەکات !
Back to top button