به‌غدا پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و باری شارستانی له‌سه‌ر هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌گرێت

حکوومەتی عێراق ماوەیەکی زۆرە کارکردنی بە تۆماری لاوەکیی باری شارستانی ڕاگرتووە و بەو ھۆیەوە ھەزاران ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان ناتوانن کاروباری ڕەگەزنامە و پاسپۆرت بەڕێوە بەرن.

د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: “ماوەیەکی زۆرە حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە کارکردن بە تۆماری لاوەکیی دانیشتوانی ڕاگرتووە و تا ساڵی ٢٠٠٣ دەگرێتەوە، واتە ئەو ھاووڵاتییانەی لە تۆماری باری کەسیدا ناویان لە نێو تۆماری لاوەکیدایە ھیچ کاروبارێکیان بەڕێوە ناچێت و تەنیا ئەوانەی ناویان لە تۆماری بەغدایە کاروبارەکانیان بەڕێوە دەچێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگه‌یاند: “دوو ساڵە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات و وەزیری ناوخۆ بەردەوام لەسەر خەتە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتە، چونکە بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بێبەش بوون و ناتوانن پاسپۆرت و ڕەگەزنامە و باری شارستانی دەربێنن، یان نوێی بکەنەوە.”

د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی : “بە ھۆی بڕیارەکەی بەغداوە کاروباری ھەزاران ھاووڵاتی ڕاگیڕاوە، بەتایبەتی ئەوانەی پێشتر ئاوارەی ئێران بوون و گەڕاونەتەوە، چونکە تۆماری لاوەکی تەنیا ناویان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و تۆماری ھەمیشەیی، ناویان لە ھەرێم و لە بەغدا ھەیە.”

هه‌روه‌ها د.سامی جەلال گوتیشی ” ھەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ بەغدا ھەر بەردەوام دەبن و من خۆم گەشبینم ئەو بابەتە یەکلا دەکرێتەوە و چارە دەکرێت، چونکە ناکرێ ئەو ھەموو ھاووڵاتییە لە پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی عێراقی بێبەش بکرێن.”

Back to top button