چه‌ند لیستێكی شیعه‌ دڵخۆش نین به‌ سه‌ردانی مه‌كگۆرگ بۆ به‌غدا

 

دوای ئه‌وه‌ی برێت مه‌كگۆرك سه‌ردانی سه‌رك بارزانی كرد و پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت و باروو دۆی عێراقیان تاوتوێكرد, بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانی به‌غدای كرد, سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی عێراقی رایگه‌یاند، سه‌ردانی ئه‌مرۆی برێت مه‌كگۆرگ، نوێنه‌ری دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ شاری به‌غدا، كوتله‌ شیعه‌كانی عێراقی تووڕه‌ كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ كه‌ناڵی “رووسیا توده‌ی” راگه‌یاند، مه‌كگۆرگ كه‌ نوێنه‌ری تره‌مپه‌ له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش، دوای دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ شاری به‌غدا.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ گوتی: “هاوپه‌یمانی فه‌تح به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامری، ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی و هاوپه‌یمانی سائیرون به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در تووڕه‌یی خۆیان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌كگۆرگ بۆ عێراق نیشانداوه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “مه‌كگۆرگ به‌نیازه‌ فشار بخاته‌ سه‌ر هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی، بۆئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی تێڕوانینه‌كانی ئه‌مه‌ریكا په‌له‌ له‌ پێكهێنانی حكوومه‌ت بكه‌ن، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراقیش داوای كردووه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو دانیشتنی په‌رله‌مان سازبكرێت”.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌دووریشی نه‌زانی، له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن دیداری مه‌كگۆرگ ره‌ت بكه‌نه‌وه‌، یانیش به‌رهه‌ڵستی خۆیان بۆ بوونی ئه‌و له‌ناو خاكی عێراق به‌ئاشكرا نیشان بده‌ن.

له‌ ساڵی 2014ـه‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ی جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی داعش راگه‌یه‌ندراوه‌، برێت مه‌كگۆرگ به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی عێراقی كردووه‌، به‌ڵام ده‌گوترێت دوای ئازادكردنی شاری مووسڵ له‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، ئاراسته‌ی سه‌ردانه‌كانی له‌ سه‌ربازییه‌وه‌ بۆ سیاسی گۆڕاوه‌.

Back to top button