ئه‌ندامێكی پێشووی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردن نەکرێت

دارا محەمەد ئەمین، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی، ڕایگەیاند:” کۆمەڵی ئیسلامی، لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا بکرێ و دوانەکەوێت، بەڵام ئەوەندەی من خوێندنەوەم بۆ کرد بێت، لایەنەکانی وەکو یەکێتی، گۆڕان، ھاوپەیمانی و یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەدان ھەڵبژاردن نەکرێت ، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە تۆماری دەنگدەران پاک نەکراوەتەوە ، بێگومان ئەگەر بەوشێوازە ھەڵبژاردن بکرێ و ساختەکاری تێدا بکرێت، ھیچ ئەنجامێکی نابێت، تەنانەت دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە، کە لیسی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بڕیاری داوە ئەگەر ھەڵبژاردن دوانەکوێت، بایکۆتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات“.

ئەندامه‌كه‌ی پێشووی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی :” یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە ھەڵبژاردن نەکرێت، ھەروەھا لایەنە سیاسییەکان داوایان لە پارتی کردووە، بۆئەوەی ڕازی بێت، بەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، بەڵام نازانن ئایا پارتی بەوە ڕازی دەبێت، یان بە پێچەوانەوە”.

دارا محەمەد ئەمین ده‌ڵێت :” ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بەشێوەیەکی بەفەرمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنیان نەکردبێت، ئەوا حەز بە دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، بەڵام تائێستا ڕوون نییە ئایا ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێ یاخود دوادەخرێت”.

هه‌روه‌ها ئەندامه‌كه‌ی پێشووی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی ده‌شڵێت:” یەکێتی یەکێکە لەو حزبانەی دەیەوێت کۆنگرە ببەستێ و خۆی ڕێکبخاتەوە، تاوەکو یەکێتی خۆی ڕێک دەخاتەوە، پێی باشە ھەڵبژاردن نەکرێت، بەڵام کۆمەڵی ئیسلامی، پێی باشە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت”.

Back to top button