هاوکاریەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتە بەسرا
دوای ئەوەی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگای بەسرا پیس بوون، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاری گەیاندە دانیشتوانی بەسڕاو ملیۆنێک و 200 هەزار بوتڵی ئاویان پێشکەش دەکات.
زانکۆ محەمەد، لە راگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رایگەیاند: ”دوای ئەوەی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ئاوی بەسڕا پیس بوو، منداڵێکیش گیانی لەدەست دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک هەستکردن بە لێپرسراویەتی و ئەرکی مرۆڤایەتی، بڕیاری دا، هاوکاری دانیشتوانی بەسڕا بکا“.
ئەو کارمەندەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستە روو، کە نزیکەی 24 بارهەڵگر ئاوە، 200 هەزار سێتی ئاوی خواردنەوەیە، کە دەکاتە ملیۆنێک و 200 هەزار بوتڵی ئاو، کاروانەکە دوێنی لە هەولێرەوە بەڕێ کەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29\8\2018، لە بەغداوە بەرەو بەسڕا بەڕێ کەوتن، بەیانی دەگەڕێنەوە.
ئاشکراشی کرد، کە ستافێکی بەرفراوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێ کەوتوون، ئەوانیش وەک هەستێکی مرۆڤایەتی، کە دەزگاکە بەردەوام هاوکاری لێقەوماوان دەکات و گوتیشی: ”لەم ئەرکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هیچ لایەنێک سپۆنسەری نەکردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر شانی خۆی، بە کارە هەستاوە“.
بەهۆی کەمی ئاو و پیسبوونی ژینگەی بەسڕا، چەندین نەخۆشی بڵاو بووەتەوە، لەم رۆژانە چەندین کەس نەخۆش کەوتوون و منداڵێکیش گیانی لەدەست داوە