یه‌كێتی هاوڕایی پارتی یه‌و پارتیش داوای گه‌ره‌نتی ده‌كات

شاندێكی سیاسیی عێراق كە پێك هاتبوون لە رەوتی حیكمە، سائیروون و وەتەنییە، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لەگەڵ سه‌رۆك بارزانی و شاندی باڵای پارتی و یەكێتیدا كۆبونه‌وه‌ ، تا بتوانن ئەوانیش پشتگیریی كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان بكەن، بەڵام شاندی پارتی و یەكێتی چاوەڕوانی ئەو دوو بەرەیە دەكەن كە لە عێراق دروست بوون بۆ پرسی یەكلاكردنەوەی حكوومەتی داهاتووی عێراق، بەرەی یەكەمیان (سائیروون، حیكمە و وەتەنییە و بەرەی دووەمیش دەوڵەتی یاسا و فەتح)ـن، كە هێشتا پارتی و یەكێتی بۆیان روون نەبووەتەوە كە كام بەرە زیاتر دەتوانێت لە پڕۆژەكەی ئەوانەوە نزیك بێت.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: “پێویستە لەسەر كارنامەی حكوومەتی داهاتوو ڕێككەوتن بكرێت، كە هەرچی لە دەستووردا بۆ كورد دیاری كراوە، لە كارنامەی حكوومەتی داهاتوودا هەبێت، ئەوكات كورد بڕیاری خۆی دەدات، جگە لەوەش دەبێت گەرەنتی هەبێت ئەو پڕۆژەیەی پارتی و یەكێتی ئامادەیان كردووە، جێبەجێ بكرێت و بزانرێت كام كوتلە ئامادەیی تێدا هەیە خاڵەكانی پڕۆژەكە جێبەجێ بكات، چونكە ناكرێت بچینە پرۆسەیەكەوە و نەزانین داهاتووی چی دەبێت.”

ڕاوێژكاره‌كه‌ی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگه‌یاند:” گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت چڕ كراونەتەوە، چونكە دەبێ لە ماوەیەكی دیاریكراودا گەورەترین كوتلەی پەرلەمان رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت، بۆ ئەمەش بڕیارە شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا بكەن و لەوێش گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەت بكەن”.

لای خۆیه‌وه‌ سەعدی ئەحمەد پیرە، گوته‌بێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی ، گوتی: “شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتی سەردانی بەغدا دەكەن و لەوێش لە نزیكەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كۆ دەبنەوە و تاوتووی پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەكرێت، بڕیارە لەوێش چەند سەركردەیەكی عێراق ببینن تا زیاتر گفتوگۆ لەو بارەیەوە بكرێت، چونكە هەردوو لامان هاوڕاین كە گرفتەكانی پێشوومان تێپەڕێنین و دووبارە رێگایەكی نوێ لە نێوان هەردوولادا بكرێتەوە”

Back to top button