هه‌ڵسوڕاوانی گۆران داوای چاكسازی له‌ په‌يكه‌رى دامه‌زراوه‌كانى گۆڕاندا ده‌كه‌ن

بەشێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان داوای هەڵوەشاندنەوەی جڤاتی بزووتنەوەکەیان دەکەن و پێیان وایە بەشێک لە بەرپرسانی گۆڕان شایەنی ئەو پۆستانەیان نین و بۆ ئەو مەبەستە یاداشتنامەیەکی ۲۳ خاڵیان داوەتە سەرووی خۆیان و ناشی شارنەوە ئەگەر چاکسازی ریشەیی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان نەكرێت رەنگە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، یاخود بەیەکجاری جیاببنەوە لە بزووتنەوەی گۆڕان.

سەفەر ئەوبەری، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان رايگه‌ياند:” ماوه‌ى سێ ساڵه‌ پرۆژه‌يه‌كيان گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ و تێيدا نه‌خشه‌رێگه‌ى چاكسازييان داناوه‌ ، رێكخه‌ر و خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاگادارى ئه‌و پرۆژه‌يه‌”.

هەڵسوڕاوه‌كه‌ی بزووتنەوەی گۆڕان ڕاشیگه‌یاند:”به‌شێك له‌ ژووره‌كانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان شه‌رعييه‌تى هه‌ڵبژاردنيان نييه‌ و ده‌ستنيشان كراوون و هه‌ندێكيشيان به‌ گرێبه‌ست دانراوون وئێمه‌ ده‌يانه‌وێت چاكسازى له‌ په‌يكه‌رى دامه‌زراوه‌كانى گۆڕاندا بكرێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردن شه‌رعييه‌ت به‌ وه‌رگرتنى پۆست له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ بدرێت”.

سەفەر ئەوبەری، هەڵسوڕاوى بزووتنەوەى گۆڕان و یەکێک لە دەستەی دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی ژووری پەیجووریش بووە، ئێستا ڕابەرایەتیی پۆلێک لە دەنگە ناڕازییەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، له‌میانی گفتوگۆیه‌كی رۆژنامه‌وانیدا چەند پرسێکى گرنگى نێو گۆڕان دەخاتە ڕوو.

هەڵسوڕاوه‌كه‌ى بزووتنەوەى گۆڕان پێی وایه‌ کێشەکانى نێو گۆڕان لە لێوارى تەقینەوەدان و نایشارێتەوە، خانەى راپەڕاندن و جفاتى گشتیى شەرعیەتیان نەماوە و سەرچاوەى کێشەکانن. دووپاتیشى دەکاتەوە، ئەگەر لەو هەڵبژاردنەى پەرلەماندا 15 کورسى بهێنن، زۆر زۆرە.

سه‌فه‌ر ئه‌وبه‌ری هه‌ڵسوراوی گۆران دەڵێت: “لە سەرەتای هەڵبژاردنییەوە ئێمە گلەیی و سەرنجمان هەبوو لەسەر هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن، دەبوایە لە خوارەوە هەڵبژاردن بکرایە بۆ سەرەوە، وەک دەستەی بەڕێوەبەری بازنەکان و دەستەی بەڕێوەبەری مەکۆکان و دەستەی بەڕێوەبەری ڕایەڵەکان، شەرعییەتی بدایەتەوە بە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و ئەندامانی جڤاتیش شەرعییەتیان بە خانەی ڕاپەڕاندن بدایە”.

ده‌شڵێت:” به‌پێی دەستووری پەسەندکراوی یەکەم کۆنگرەی هەولێر، دەبوایە دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان بکرێت، ئەوە پێ لە چوارساڵ ئەنێت گۆڕان هەڵبژاردنی ناوخۆیی ئەنجام نەداوە، بەپێی یەکەم دەستووری پەسەندکراوی کۆنگرەی هەولێر، کەس شەرعییەتی کاری ڕێکخراوەی نەماوە”.

سه‌باره‌ت به‌ كوتله‌ و ته‌كه‌توڵاتی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌فه‌ر ئه‌وبه‌ری گوتی :” بەپێی ستاف و ناوچەگەری و خزمچێتی ئەکرێت و ئەوانەی سەر بە تەکەتولی خۆیان نەبن دژایەتی ئەکرێن و تۆمەتیان بۆ دروست ئەکرێت، ئەمەش وای کردووە جەماعەتێک پۆستەکانی ناو بزووتنەوەکە قۆرخ بکەن”.

هه‌روه‌ها گوتیشی :” به‌ هۆی ئەوەی کە کەس گوێ بۆ کێشەکان ناگرێت و ئامادە نین کێشەکان چارەسەر بکەن، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی ناڕازى لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە لەسەرەوە بۆ خوارەوە و کێشەکان پەنگییان خواردووەتەوە و لە لێواری تەقینەوە و ئینشیقاقدان”.

جموجۆڵی كوڕه‌كانی نه‌وشیروان هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ بۆ توڕه‌ بوونی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی گۆڕان وەرگرتنی بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلاری مانگانە بە نهێنی لە یەکێتی، هەروەها تاپۆرکردنی سەرجەم موڵک و ماڵەکانی گۆڕان بەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا، جگە لە پەیوەندییە تایبەتەکەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ گروپی خیانه‌تكاری ۱٦ـی ئۆكتۆبه‌ر لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان لە سلێمانی، کێشەی لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا درووست کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە بە ئاشکرا نیگەرانی خۆیان ده‌رده‌بڕن .

Back to top button