پارتی ناچینە ژێر فشاری یەکێتی قسه‌كانی فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ته‌عبیر له‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی ناكات

دوێنێ شەممە ١ی ئەیلوولی ٢٠١٨، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، ڕایگەیاند:”ئەگەر پارتی پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوا دەتوانێ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدات. لەلایەن چاودێرانیشەوە ئەم لێدوانە وەک هەڕەشەیەکی دوو ئیدارەیی لێکدرایەوە”.

دڵشاد شەھاب، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی قسەكانی فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەداتەوە و ڕیگه‌یاند:” ئەم قسانە بە ھەڵوێستی یەكێتی نازانن، بەڵكو تەنیا رای فەرید ئەسەسەردە، چونكە بەردەوام گفتوگۆیان لەگەڵ یەكێتی ھەیە و گفتوگۆ لەسەر تەواوی پرسەكان كراوە و تا ئێستاش بەفەرمی یەكێتی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی نەكردووە”.

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی گوتیشی :” ھیچ حزبێك ناتوانێت ھەڵبژاردن ئەنجام بدات یان دوای بخات، چونكە ئەم وڵاتە یاسای ھەیە و دەسەڵاتی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران داوە بۆ ئەوەی رۆژی ھەڵبژاردن دیاری بكات”.

لای خۆیه‌وه‌ بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: ”ئەو لێدوانە ھەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی و ماوەی چەند ساڵێکە یەکێتی بەھۆی ئەو کێشانەی لە ناوخۆدا ھەیەتی، دەکرێ بە تێکڕا پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و پرۆسەی ھەڵبژاردن پەکبخەن؟ ئەگینا ھیچ پاساوێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نییە“.

بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌شڵێت: ”ڕەنگە یەکێتی پەنا بۆ زۆر شت ببات، لەبەر ئەوەی لە ھەڵبژاردن دەترسێت و ئیمانیان بە ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵک نییە، کێشەی ناوخۆییان ھەیە، پێیان وایە لەوانەیە وەک جاری پێشوو، نەتوانن ساختەکاری بکەن، ئەگەر بیانووشیان پرۆسەی سیاسیی عێراقە، ئەوا ئێستا بۆ ئەو بابەتە شاندی سیاسیی ھاوبەش لە بەغدایە و دەتوانن ئیشی خۆیان بکەن“.

بلند ئیسماعیل به‌رپرسی لقی ۱٦ـی پارتی گوتی :” پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، ناچێتە ژێر فشاری یەکێتی و هیچ لایەنێکی دیکە و گوتیشی: ”پێمان وایە ئەوان دەتوانن کێشە دروست بکەن، بەداخەوە ئەوەی یەکێتی دەیکات، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان نییە“.

هه‌روه‌ها بلند ئیمساعیل ده‌شڵێت: ”ئێمە شانازی دەکەین خاوەنی ڕیفراندۆم و ئاڵای کوردستانین، بۆیە ھەر لایەنێک بیەوێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، دەبێ بۆ ڕای گشتی ڕوونی بکاتەوە کە پاساویان چییە؟“.

Back to top button