گوڵاڵه‌ میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی فشارده‌خاته‌ سه‌ر ماڵه‌ كورده‌كان و خێزانی عه‌ره‌ب هاورده‌ ده‌كات

میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبى، دەستیان بەسەر شاره‌دێى گوڵاڵه‌ (جەلەولا)دا گرتووە و ڕێگه‌ ناده‌ن دانیشتووانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى، كه‌ كوردن‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانى خۆیان.

كامه‌ران حه‌مه‌جان، به‌رپرسى ناوچه‌ى گوڵاڵه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایگه‌یاند: ”حه‌شدى شه‌عبى له‌سایه‌ى خیانه‌تى ۱۶ى ئوكتۆبه‌ردا ناوچه‌كه‌یان به‌ته‌واوه‌تى كۆنترۆڵ كردووه‌ و ده‌ستیان به‌ سیاسه‌تى ته‌عریب و ته‌شەیوعكردن كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رده‌وام له‌ كورد ده‌كه‌ن‌. له‌و بازگانه‌ى كه‌ نزیك گوڵاڵه‌ن، هه‌ر هاووڵاتییه‌ك، به‌تایبه‌ت كورد، كێچه‌ڵیان پێ ده‌گرن و بێزاریان ده‌كه‌ن تا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌“.

به‌رپرسى ناوچه‌ى گوڵاڵه‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان گوتی :” هه‌ر كه‌سێك به‌رگرى له‌ كوردی ناوچه‌کە بكات، لە لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ تۆمه‌تى ناڕه‌وا و نادروستى ده‌درێته‌ پاڵ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستگیرى بكه‌ن، نموونه‌شى بۆ ئه‌وه‌ هێنایه‌وه‌، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رگریى له‌ كورد كردووه‌، به‌ تۆمه‌تى هاوكاریكردنى تیرۆرستان ده‌ستگیریان كردووه‌ و ماوه‌یه‌كى زۆر زیندانییان كرد و دواى ئازادكردنیشى داواى ئه‌وه‌یان لێ كردووه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌ باسى كورد بكات و نه‌ ناویشیان بهێنێت”.

كامه‌ران حه‌مه‌جان به‌رپرسى ناوچه‌ى گوڵاڵه‌ى پارتى ده‌شڵێت: ”ئێستا حه‌شدى شه‌عبى پیلانێكى نوێ دژ به‌ كوردانى شاره‌دێیه‌كه‌ جێبەجێ دەکات‌، ئه‌ویش ڕێگری كردنه‌ له‌ خوێندنى كوردى و داخستنى قوتابخانە كوردییه‌كان تا کوردانی گوڵاڵه‌ و بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندنى كوردى ڕوو له‌ ناوچه‌كانى سنووریی کارگێڕیی هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن“.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی ” خواكوڕكـ” چەند ماڵێكى زۆر كه‌می کورد له‌نێو سه‌نته‌رى شاره‌دێیه‌كه‌ ماون و حه‌شدى شه‌عبیش بەردەوام فشار دەخاته‌ سه‌ریان ،حه‌شدی شه‌عبی له‌ هه‌وڵدایه‌ زۆرترین خێزانی عەرەبی هاورده بهێنێته‌ سه‌نته‌رى شاره‌دێیه‌كه‌ و له‌ناو ئه‌و خانووه‌ كوردانه‌ جێگیریان بكات كه‌ ئاواره‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵى خۆیان، هاوكات ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى ده‌هێنرێنه‌ ناوچه‌كه‌ پڕچه‌ك ده‌كرێن و باره‌گاشیان بۆ ده‌كرێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت مه‌شق و راهێنانیشیان له‌ لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ پێ ده‌كرێت.

Back to top button